Muhammet Ali Kemal
30 کانوونی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 01 شوبات 2017
نیویۆرک- AA
داواکاری گشتیی 16 ویلایەت راگەیەنراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و تێیدا سەرکۆنەی بڕیارنامەکەی سەرۆک دۆناڵد ترەمپ-یان کرد سەبارەت بەقەدەغەکردنی هاتنە ناوەوەی هاووڵاتییانی 7 وڵاتی موسوڵماننشین بۆ ئەمریکا.
سەرۆکی داواکاری گشتیی ئەو ویلایەتانە بڕیارەکەی سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ-یان بە''نایاسایی و دژی دەستوور و بەهاکانی ئەمریکا'' ناوبردووە.
لە راگەیەنراوەکەدا ئاماژەیان بەوەکردووە ئەوان وەک داواکاری گشتیی زیاتر لە 130 ملیۆن هاووڵاتیی ئەمریکی و بیانی لە ویلایەتەکانیان ''سەرکۆنەی بڕیارە نایاسایی و دژە دەستوورییەکەی سەرۆک ترەمپ دەکەین کە دژی بەهاکانی ئەمریکایە''.
ئاماژەیان بەوەشکردووە، ئازادی ئایینی یەکێکە لە بنەما سەرەکییەکان کە ئەمریکای لەسەر دامەزراوە و هەموو کاتێکیش هەر بەوجۆرە دەبێت و هیچ سەرۆکێک ناتوانێت ئەو راستییە بگۆڕێت.
راگەیەنراوەکە بەواژووی سەرۆکی داواکاری گشتیی هەریەک لە ویلایەتەکانی، نیویۆرک، واشنتۆن دی سی، کالیفۆرنیا، پێنسیلڤانیا، ماساچووسێتس، هاوای، ڤێرجینیا، ئۆریگن، کنێکتیکەت، ڤێرمۆنت، ئیڵینۆی، نیو مەکسیکۆ، ئایۆوا، مەین، ماریلاند و واشنتۆن، بڵاوکراوەتەوە.