Muhammet Ali Kemal
01 ئاب 2017•نوێکردنەوە: 02 ئاب 2017
واشنتۆن- AA
ئیدارەی ئەمریکا دوای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی دامەزرێنەر لە ڤێنیزوێلا کە ئەرکی نووسینەوەی دەستووری ئەو وڵاتە دەبێت، بڕیاری سەپاندنی سزا بەسەر سەرۆکی ئەو وڵاتە، نیکۆلاس مادورۆدا دەرکرد.
لە راگەیەنراوێکدا کە لە لایەن نووسینگەی چاودێرییکردنی سەروەت و گەنجینە بیانییەکانی سەربە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکاوە بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوەکراوە، بە هۆی هەوڵەکانی نیکۆلاس مادورۆ بە مەبەستی درووستکردنی رژێمێکی سەرکوتکار لە وڵاتەکەی، بڕیاری سەپاندنی سزا بەسەر ناوبراودا دراوە.
لە راگەیەنراوەکەدا باس لەوەشکراوە هەڵبژاردنەکانی دوێنێی ئەنجوومەنی دامەزرێنەر، ئامانج لێی زەوتکردنی مافەکانی ئەنجوومەنی نیشتمانییە کە لە رێگەی دیموکراسییەوە، ئەرکی گرتووەتە دەست.
لای خۆیشییەوە وەزیری گەنجینەی ئەمریکا، ستیڤن منوچن لە راگەیەنراوێکدا سەبارەت بە بڕیاری سزادانەکە، رایگەیاند ''هەڵبژاردنە نا شەرعییەکانی دوێنێ، ئەوەی پشتڕاستکردەوە کە مادورۆ دیکتاتۆرێکە کە ئیرادەی گەلی ڤێنیزوێلا لەبەرچاو ناگرێت. ئەمریکا لە رێگەی بڕیاری سەپاندنی سزا بەسەر مادورۆدا، ئەوەی نیشان دا کە دژی سیاسەتەکانی رژێمی ئەو وڵاتەیە و پشتیوانیی لە ڤێنیزوێلییەکان دەکات بۆ ئەوەی وڵاتەکەیان ببێتەوە بە وڵاتێکی خۆشگوزەران و دیموکراسی''.
لە رێگەی ئەو سزایەوە کە ئیدارەی واشنتۆن بەسەر مادورۆیدا سەپاند، سەرجەم سەروەت و سامانی ناوبراو بلۆک کرا و بەستنی پەیوەندیی لەگەڵ ئەمریکییەکاندا لێ قەدەغە کرا.