Cüneyt Karadağ
10 تەمووز 2023•نوێکردنەوە: 10 تەمووز 2023
بەرلین – AA
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە سەرچاوەکانی حکوومەتی ئەڵمانیاوە وەرگیراون لە لووتکەی ناتۆ کە لە شاری ڤیلینیوس لە لیتوانیا ئەنجام دەدرێت، بانگهێشتی ئۆکراینا ناکرێت بۆ ئەوەی ببێت بە ئەندام لە ناتۆ.
سەرچاوەکانی نزیک لە حکوومەتی ئەڵمانیا ئاماژە بەوە دەدەن، باش نییە جارێ ئۆکراینا ببێت بە ئەندام لە ناتۆ و لەم رووەوە هاوڕایی نییە لەنێوان وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ. ئەڵمانیا خوازیارە لەم قۆناغەدا، هاوکاریی زیاتر بۆ ئۆکراینا دابین بکرێت.
چاوەڕوان دەکرێت لە میانی لووتکەکەدا، ئەڵمانیا راگەیەندراوێکی گرنگ بڵاو بکاتەوە لەبارەی رادەستکردنی پێداویستی سەربازیی بە ئۆکراینا.
لە لایەکی دیکەیشەوە حکوومەتی ئەڵمانیا گەشبینە لەبارەی بەئەندامبوونی سوید لە ناتۆ و بانگەشەی ئەوە کراوە کە هەنگاوی کردەیی ناوە بۆ بەپیرەوەهاتنی داواکارییەکانی تورکیا و ئەمەیش پێشهاتێکی ئەرێنییە.
سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن کە تورکیا گەیشتووەتە ئەو ئامانجەی لەبارەی سویدەوە دیاری کردووە، جەختیان لەسەر گرنگی بەشداریکردنی سوید لە ناتۆ کردووەتەوە.