جوبا
نزیكەی ٨٠ لەسەدای دانیشتوانی باشووری سوودان كە دەكاتە ٨ ملیۆن كەس ماوەی ١٨ مانگە بەهۆی شەڕی نێوخۆی وڵاتەكەیانەوە كێشەی خۆراكیان بۆ دروست بووە.
لە روونكردنەوەی هەشت رێكخراوی هاوكاری مرۆییدا ئاگاداری ئەوە دراوە كورتهێنان لە سندوقەكاندا بە بڕی یەك ملیار و 100 ملیۆن دۆلار دەبێتە هۆی خراپتر بوونی دۆخەكە لە باشووری سوودان و رەنگە لە كۆتایی مانگی داهاتوودا ببێتە مایەی برسیبوونی شەش ملیۆن و 400 هەزار كەس.
لەكاتێكدا دەزگاكانی هاوكاری داوای ئەوە دەكەن تا كۆتایی مانگی تەمووز داهاتوو رێوشوێنی پێویست لەبارەی كورتهێنانی سندوقەكانەوە بگیرێتە بەر، بەڕێوەبەری ئۆكسفام لە باشووری سوودان زلاتكۆ گێگیچ رایگەیاند "حكوومەتەكان دەتوانن بە بەڵینی پشتگیری دارایی بەپەلە گۆڕانكارییەك لە دۆخەكەدا دروست بكەن، خێزانەكان پێویستییان بە هاوكارییە".
نوێنەری رێكخۆاوی كەێر لە باشووری سوودان ئەیمی ئەنساری ئاماژەی بەوەكرد بەتایبەتی ئەو كەسانەی لە ناوچە دوورە دەستەكان دەژین پێویستی زۆریان بە هاوكارییە و گوتی:" كاتێك پێویستییەكان زیاد دەكەن، پشتیوانییەكانی دارایی كەمدەبنەوە".
بەڕێوەبەری كافۆد ترۆكەیری لە باشووری سوودان جەین ئاندانجێ سەرنجی بۆ رووداوەكانی توندوتیژی ئەم ماوەیەی رابردوو لەو وڵاتە راكێشا و رایگەیاند ئەو رووداوانە بوونەتە هۆی ئەوەی مەدەنییەكان لەو ناوچانە دووربكەونەوە كە هاوكارییەكانی لێیە و پێداویستییەكان بە تاڵان دەبرێن.