Kasım İleri
09 ئادار 2021•نوێکردنەوە: 10 ئادار 2021
واشنتۆن - AA
بانگەشەی ئەوە دەکرێت کە حکوومەتی ئەمریکا ئامادەکاری کردووە لە هەفتەکانی داهاتوودا، بە سزای ئابووریی و زنجیرەیەک ئۆپەراسیۆنی ئەلیکترۆنی بەرپەرچی هێرشەکانی ''سۆلار ویندس''ی رووسیا بداتەوە.
حکوومەتی ئەمریکا کە لە لایەک کاردەکات بۆ دیاریکردنی ئەو زیانانەی کە بەهۆی هێرشە ئەلیکترۆینییەکەوە کە گوماندەکرێت چین ئەنجامی دابێت و لە رێگەی مایکرۆسۆفتەوە دەستی گەیشتبێت بە زانیاریی ٣٠ هەزار دامەزراوە. لە لایەکی دیکەوە چاوەڕوان دەکرێت یەکەم هەنگاوی ئەلیکترۆنی دژبە رووسیا بگرێتەبەر.
رۆژنامەی نیویۆرک تایمز بەپشت بەستن بە زانیاریی بەرپرسانی ئەمریکی بڵاویکردووەتەوە و بانگەشەی ئەوەی کردووە کە ''لە سێ هەفتەی داهاتوودا، یەکەم هەنگاوی گەورە دەگیرێتەبەر کە زنجیرەیەک ئۆپەراسیۆنی نهێنیی لەخۆدەگرێت بۆسەر سەرۆکی رووسیا، فلادیمیر پوتین، سوپای رووسیا و دەزگای هەواڵگری ئەو وڵاتە''.
لە کاتێکدا ئاماژە بەوە دەکرێت کە ئەو هەنگاوە لە هەمان کاتدا زنجیرەیەک سزای ئابوورییش لەخۆدەگرێت، بانگەشەی ئەوەیش دەکرێت کە جۆ بایدن بە بڕیارنامەیەکی سەرۆکایەتی فەرمانی یەکگرتنی تۆڕەکانی حکوومەتی فیدراڵی دەدات دژبە هێرشە ئەلیکترۆنییەکان.
لەنێو ئەو بانگەشانەی بڵاوبوونەوەتەوە، باس لەوە دەکرێت راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا، جەیک سولیڤان کە هەفتەی رابردوو دەسەڵاتی هێرشی درۆنی سنووردار کرد لە فەرمانێکی نهێنییدا کە ئاراستەی پنتاگۆنی کردووە، ژمارەیەک فەرمانی لەبارەی ئاسایشی ئەلیکترۆنی دەرکردووە.
ئەو فەرمانەی دزەی کردووەتە راگەیاندنەوە و هەموو ناوەڕۆکەکەشی بۆ رای گشتیی بڵاونەکراوەتەوە، تیایدا ئەو دەسەڵاتە سنووردار نەکراوە کە سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ لە ئابی ٢٠١٨دا بەخشیبووی بە فەرماندەیی ئاسایشی ئەلیکترۆنی ئەمریکا بۆ ئەنجامدانی هێرشی ئەلیکترۆنی.
لە هەواڵەکەدا بانگەشەی ئەوەکراوە کە فەرماندەی ئاسایشی ئەلیکترۆنی لەئێستادا کاری لەسەر هەندێک بژاردە کردووە، لەنێویشیاندا ئۆپەراسیۆنی ئەلیکترۆنی بۆسەر رووسیا و چین.
لە هەفتەی رابردوودا هێرش کرایە سەر جێبەجێکاری پۆستی ئەلیکترۆنی مایکرۆسۆفت، مایکرۆسۆفت ئێکسچەینج.
لە کاتێکدا حکوومەتی ئەمریکا هێشتا راستەوخۆ هیچ لایەنێکی تۆمەتبار نەکردووە، وا بڵاوکراوەتەوە کە چین ئەو هێرشەی ئەنجامداوە.
پسپۆڕانی بواری ئاسایشی ئەلیکترۆنی، پێشبینی ئەوە دەکەن کە ٣٠ هەزار دامەزراوە کە خزمەتگوزاری پۆستی ئەلیکترۆنی مایکرۆسۆفت بەکاردەهێنن کەوتبنە ژێر کاریگەریی ئەو هێرشەوە.