Dildar Baykan
09 ئادار 2021•نوێکردنەوە: 10 ئادار 2021
واشنتۆن- AA
سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن راگەیەندراوێکی سەبارەت بە سەردانەکەی پاپای کڵێسای کاسۆلیکی، پاپا فرەنسیس بۆ عێراق بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەی بەوەداوە کە چەندین نەتەوە و ئایینی جیاواز لە عێراق هەن و ئەم وڵاتە خانەخوێی کۆنترین گرووپەکانی مەسیحیی بووە.
جۆ بایدن لە راگەیەنراوەکەیدا جەختی لەوەکردوەتەوە کە یەکەم سەردانی پاپا بۆ عێراق، "مێژوویی" و "دڵخۆشکەر" بووە و نووسیویەتی:
"هەروەک پاپا فرانسیس خۆی گوتی ئەم سەردانە پەیامێکی گرنگی هەبووە کە بریتی بووە لە پتەوترکردنی برایەتی و دووپاتکردنەوەی ئەوەی کە ئومێد لە مەرگ و ئاشتی لە جەنگ، بەهێزترە".
سەرۆکی ئەمریکا ئەوەشی وەبیرهێناوەتەوە کە پاپای ڤاتیکان سەردانی شوێنە پیرۆزەکانی عێراق-ی کردووە و لە شاری نەجەف لەگەڵ گەورەترین مەرجەعی شیعەکان، عەلی سستانی کۆبووەتەوە.
جۆ بایدن هەروەها ئاماژەی بەوەداوە کە پاپا لە شاری مووسڵ رێوڕەسمی ئایینی ئەنجامداوە کە چەند ساڵێک پێش ئێستا لەژێر کۆنترۆڵی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش بووە، ئەم کارانەشی بە "هێمای ئومێد بۆ هەموو جیهان" ناوبردووە.