İdris Sülün
07 تشرینی یەکەم 2022•نوێکردنەوە: 09 تشرینی یەکەم 2022
کولالامپوور- AA
سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن رایگەیاند، مەترسی هەڵگیرسانی جەنگی ئەتۆمی لەدوای قەیرانە مووشەکییەکەی ساڵی ١٩٦٢ی کوباوە تا ئێستا لە بەرزترین ئاستدایە.
بەگوێرەی هەواڵێکی کەناڵی BBC، بایدن باسی لەوە کردووە کە لێدوانەکانی سەرۆکی رووسیا، ڤیلادیمیر پوتین دەربارەی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی لە دوای ئەو ئاستەنگانەی لە ئۆکراینا توشی بوون، "گاڵتە نین".
بایدن ئەوەشی خستووەتەڕوو کە "ئەمریکا هەوڵ دەدات لە نەخشەڕێگای پوتین بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە تێبگات و لەبەر ئەوەی سوپای رووسیا بە شێوەیەکی بەرچاو ئاستی دابەزیوە، پێناچێت کاتێک سەرۆکی رووسیا باس لە بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی یان چەکی بایۆلۆجی و کیمیایی دەکات، گاڵتە بكات".
سەرۆکی ئەمریکا گوتیشی: "ئەگەر کارەکان بەم شێوەیە بەردەوام بن، ئەوا لە دوای قەیرانە مووشەکییەکەی کوبا، جارێکی دیکە هەڕەشەی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی دێتەوە بەرباس".
جێی ئاماژەیە بەرپرسانی ئەمریکا لە چەند مانگی رابردوودا هۆشدارییان لەوە دابوو کە پێدەچێت ئەگەر رووسیا لە جەنگدا دووچاری شکست ببێت، پەنا بباتە بەر بەکارهێنانی چەکی کۆمەڵکوژ.
بەڵام راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا، جەیک سولیڤان، هەفتەی رابردوو ئەوەی خستەڕوو کە وێڕای لێدوانەکانی مۆسکۆ لە بارەی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی، بەڵام تا ئێستا ئەمریکا هیچ ئاماژەیەکی بەدینەکردووە کە ئەوە نیشان بدات رووسیا ئامادەکاریی بۆ بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی لە ماوەیەکی نزیکدا بکات.
پێشتریش بەتایبەت دوای گۆڕانی رێڕەوی جەنگی ئۆکراینا، پوتین گوتبووی: "لەپێناو پاراستنی خاکی رووسیادا بێ دوودڵی هەموو تواناکانم بەکاردەهێنم".
ئەمریکا و یەکێتی ئەورووپاش جەختیان لەوە کردبووەوە کە پێویستە هەڕەشەکانی پوتین دەربارەی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی بەجدیی وەربگیرێت.
- قەیرانە مووشەکییەکەی کوبا
دوای ئەوەی ساڵی ١٩٦٢، یەکێتی سۆڤییەت چەکە ئەتۆمییەکانی خۆی لە کوبادا جێگیر کرد، جەنگی سارد لە نێوان ئەمریکا بە سەرۆکایەتی جۆن کەنەدی و یەکێتی سۆڤییەت بە سەرۆکایەتی نیکیتا خروشچۆڤ دەستی پێ کرد.
لەلایەن پسپۆڕانەوە، گرژییەکانی نێوان ئەو دوو زلهێزەی جیهان، وەک نزیکترین خاڵ لە هەڵگیرسانی جەنگی ئەتۆمی، ناوبرا.