Recep Şakar
22 ئەیلوول 2021•نوێکردنەوە: 22 ئەیلوول 2021
مێلبۆرن - AA
بوومەلەرزەیەک بەگوڕی شەش پلە، ویلایەتی ڤیکتۆریا باشووری رۆژهەڵاتی ئوسترالیای هەژاند.
لە ئاکامی بوومەلەرزەکە ژمارەیەک بینا لە شاری مێلبۆرن پایتەختی ویلایەتەکە زیانیان بەرکەوت، بەڵام هۆشداری لە روودانی تسۆنامی نەدرا.
بەپێی راگەیەندراوێک کە لەلایەن دەستەی جیۆساینسی ئوسترالیاوە بڵاوکراوەتەوە، چەقی بوومەلەرزەکە ١٨٠ کیلۆمەتر باکووری خۆرهەڵاتی شاری مێلبۆرن بووە و لە قوڵایی ١٠ کیلۆمەتر روویداوە.
لە کاتێکدا دوای ئەو بوومەلەرزە بەهێزە هۆشداری لە روودانی تسۆنامی نەدرا، دەستەی جیۆساینسی ئوسترالیا ئاماژەی بەوە کرد کە دوای بوومەلەرزەکە پاشلەرزەیەک بەگوڕی چوار پلە تۆمار کراوە.
بەهۆی ئەو بوومەلەرزە بەهێزەوە کە لە پاڵ ویلایەتی ڤیکتۆریا لە نیو ساوس وێڵز، باشووری ئوسترالیا و ناوچەی پایتەختی ئوسترالیا هەستی پێ کرا، هیچ زیانێکی گیانی نەکەوتووەتەوە، بەڵام ژمارەیەک بینا لە شاری مێلبۆرن زیانیان بەرکەوتووە.