Büşra Selvi Öğütcen
28 تشرینی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 29 تشرینی دووەم 2021
ئەنقەرە - AA
بوومەلەرزەیەک بەگوڕی ٧،٥ پلە لەسەر پێوەری رێختەر، شاری بارانکا خۆرئاوای پێروی هەژاند.
دەستەی رووپێویی جیۆلۆجیی ئەمریکا (USGS) بڵاوی کردەوە کە چەقی ئەو بوومەلەرزەیەی کە بەگوڕی ٧،٥ پلە روویداوە، دەکەوێتە ٤٢ کیلۆمەتر باکووری خۆرئاوای شاری بارانکا خۆرئاوای پێرو سەر کەناری زەریای ئارام.
دوا بە دوای ئەو بوومەلەرزەیەی کە لە قوڵایی ١١٢،٥ کیلۆمەتر رووی دا، هیچ هۆشداریەک نەدرا لەبارەی روودانی شەپۆڵەکانی تسۆنامی.
بەپێی زانیارییە بەراییەکان، بوومەلەرزەکە زیانی گیانی لێنەکەوتووەتەوە.
پێرو کە یەکێکە لەو وڵاتانەی زۆرترین بوومەلەرزەی تیایدا روودەدات، کەوتووەتە سەر هێڵی بوومەلەرزەی زەریای ئارام کە بە ''بازنەی ئاگر'' ناسراوە.
لە ۱٥ی ئابی ۲۰۰۷دا، بوومەلەرزەیەک بەگوڕی ۷،۹ پلە پیرۆی هەژاند و بەهۆیەوە ٥۹٥ کەس گیانیان لەدەست دا.