Ali Cura
01 کانوونی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 01 کانوونی یەکەم 2021
گرۆدنۆ-AA
ڤیدا سندی تەمەن پێنج مانگە کە بچووکترین کۆچبەرە کە لەسەر سنووری نێوان بێلاڕووس و پۆڵەندا لەگەڵ شەش کەسی دیکەی خانەوادەکەی گیری خواردووە، لە دۆخێکی ناھەموار و سەختدا چاوەڕێی ئەو رۆژەیە بگات بە ئەڵمانیا.
چاوەڕوانیی نزیکەی دوو ھەزار کەس کە زۆرینەیان لە عێراقەوە ھاتوون و لە ھەوڵی کۆچکردندان بەرەو ئەورووپا، لە سەنتەری لۆجیستیی داخراوی ناوچەی سنووری بروزگی لە شاری گرۆدنۆ لە بێلاڕووس بەردەوامە.
دیاریترینی ناو ئەو کۆچبەرانە، خێزانی سندییە کە لە شاری زاخۆ لە هەرێمی کوردستانەوە بەرەو ئەڵمانیا بەڕێکەوتوون.
ھۆگر سندی تەمەن ٢٦ ساڵان، دوای ماندووبوونی لە فشاری رێکخراوەکانی تیرۆریستیی پەکەکە و داعش بۆ ژیانێکی باشتر بڕیاریداوە رووبکاتە ئەڵمانیا.
هۆکر سندی لەگەڵ نەسرینی تەمەن ٢٧ ساڵانی ھاوسەری و ڤیدای پێنج مانگانی کچی پێش مانگێک گەیشتنە مینسکی پایتەختی بێلاڕووس. هۆگر سندی، عەلی باوکی، فاتیمەی دایکی، کاروان و یامانی برای و داھاسی خوشکی لەگەڵ خۆیدا ھێناوە.
خێزانی سندی، کە ڤیدایان لە باوەش گرتووە و لە مینسکەوە ھاتوون بۆ دارستانەکانی سنووری پۆڵەندا و دوای چاوەڕوانی بۆ چەندین رۆژ لەگەڵ گرووپێکی دیکە لە رووبارەکە پەڕینەوە و چوونە ناو خاکی پۆڵەندا.
بەڵام لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانی پۆڵەنداوە دەستگیر كران و رەوانەی خاکی بێلاڕووس کرانەوە. خێزانەکە دوای چەندین جاری دیکە ھەوڵدان، چوونەوە ناو خاکی پۆڵەندا بەڵام ھەموو جارێک دەگەڕێندرێنەوە. لە کۆتاییدا دوای تەواوبوونی تواناکانیان روویان کردە ئەو شوێنە داخراوەی کە بۆیان دابینکراوە.
تیمی ئاژانسی ئانادۆڵو، لەم شوێنە داخراوە کاتییەدا کە حکوومەتی بێلاڕووس دابینی کردووە بەدواداچوونی بۆ ژیانی ڤیدا و خێزانی سندی کرد.
خێزانی سندی لە ناو دوو خێوەت و شوێنێکی کراوە لەو سەنتەرەی کە بۆ کۆچبەرەکان دابین کراوە نیشتەجێن و لەو ھاوکارییانەی کە لەلایەن خەڵکی بێلاڕووس و مانگی سووری بێلاڕووسەوە دهستهبهر كراوه شوێنی حەوانەوەیان بۆ خۆیان درووست کردووە.
خێزانەکە رۆژانە سوود لە دوو ژەم خواردن کە بەیانیان و نیوەڕوان دابەش دەکرێت، وەردەگرن و لەو ئهولهویهتهی کە له سایەی ڤیدای کچیان پێیان دراوە سوودمەند دەبن. نەسرین و ھۆگر، ڤیدا لە باوەش دەگرن و بەبێ نۆرەگرتن ئەو ھاوکارییەی کە لە رێکخراوەکانەوە ھاتووە وەردەگرن.
ڤیدا کە لەلایەن تیمە تەندروستییەکانەوە لە کاتی پێویستدا پشكنینی بۆ دەکرێت، بەھۆی قەرەباڵخی و نەبوونی بێدەنگی شەوان تووشی کێشەی نوستن بووەتەوە.
خێزانەکە ھەرچەندە ھەوڵی بەسەربردنی ژیانی ئاسایی رۆژانە لەبەردەم ئەو خێوەتەی کە درووستیان کردووە دەدەن، بەڵام لە شوێنێک کە سەدان کەسی تێدا بژی، ئەمە قورس دەبێت.
- بەھۆی فشارەکانی پەکەکە و داعشەوە ئەم رێگایەیان گرتووەتەبەر
ھۆگر سندی باسی لەوە کرد کە بەھۆی ھەڕەشە و فشارەکانی رێکخراوە تیرۆریستییەکانی پەکەکە و داعش ناتوانن لە عێراق بمێننەوە و ٣٥ رۆژ دەبێت لە عێراقەوە بەڕێکەوتوون.
ئەوەشی ئاشکرا کرد کە بۆ ماوەی ٢٠ رۆژ لە دارستانەکانی سنووری بێلاڕووس-پۆڵەندا ژیانیان بەسەر بردووە و ھەوڵی پەرینەوەیان بۆ خاکی پۆڵەندا داوە و گوتی: "دوو بۆ سێ جار چووینە ناو خاکی پۆڵەنداوە بەڵام ناچاریان کردین بگەڕێینەوە".
هۆگر سندی ئاماژەی بەوە کرد کە لەم ھەوڵانەدا ڤیدای کچیان زۆر ئەزیەتی بینیوە و گوتی: "شیر نەبوو، شوێنی گەرم نەبوو. پێنج رۆژ لهسهر سنوور ماینەوە. دوای ئەوە ھاتین بۆ ئێرە (سەنتەری لۆجیستی)".
ئەوەشی راگەیاند کە بەرپرسانی بێلاڕووس بەھۆی بچووکی ڤیداوە ئاسانکارییان بۆ کردووە و گوتی: "ژیان لێرە تۆزێک سەختە. ھەموو شتێک دەدەن بەڵام وەکو ماڵەوە نابێت. بەھۆی قەرەباڵخییەوە نووستن و نان خواردن لە خێوەتەکاندا قورسە. من منداڵێکی ساوام ھەیە".
هۆگر سندی داوای ئەوەی کرد کە یەکێتیی ئەورووپا مۆڵەتی نیشتەجێبوونیان پێبدەن و گوتی: "ئێمە ناتوانین مانگێکی دیکە لێرە بمێنینەوە. مانەوە لێرە زۆر سەختە. ھەموو شتێک ھەیە، خواردن ھەیە بەڵام شوێنی نووستنی وەکو ماڵەوەی لێ نییە. ناتوانین بەم شێوەیە بەردەوام بین".
- لە کەمپەکەدا بچووکترین ساوا ڤیدایە
لەلای خۆیەوە نەسرینی دایکی ڤیدا، ئاماژەی بەوە کرد کە ژیانی رۆژانەیان لەگەڵ منداڵەکهیاندا لەناو ئەو کەمپە قەرەباڵخە زۆر بە قورسی بەسەر دەبەن و جەختی لەوە کردەوە کە بیری ماڵەکەیان لە ههرێمی كورستان دەکات بەڵام نایانەوێت بگەڕێنەوە.
نەسرین رایگەیاند کە دەیانەوێت بچن بۆ ئەورووپا و باسی لهوه كرد، ڤیدا بچووکترین منداڵی ساوای کەمپەکەیە. ئەو ئاماژەی بەوەش کرد کە کەسانی دەوروبەر زۆر ڤیدایان خۆشدەوێت و سەرنجی بۆ ئەوە راکێشا کە ھەموو ئەندامانی خێزانەکەیان ھاوکاریی دەکەن لە دابین کردنی پێداویستییەکانی ڤیدا.
لە ھەشتی تشرینی دووەمەوە تا ئێستا چاوەڕوانی ئەو کەسانەی کە زۆربەیان لە عێراق و سووریاوە رۆیشتوون و لەو کەمپانەی کە خۆیان لە ناو دارستانەکانی سنووری بێلاڕووس-پۆڵەندا درووستیان كردووه، بەردەوام بوو.
دواتر ئەو کەمپانەی کە بە درێژایی سنوور دامەزرابوو بە تەواوەتی چۆڵ کران و گواسترانەوە بۆ ئەو شوێنە داخراوەی کە حکوومەتی بێلاڕووس درووستی کردووە.