Sarmand Hameed
20 ئەیلوول 2021•نوێکردنەوە: 21 ئەیلوول 2021
عێراق - AA
وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئاشکرای کرد، ئافرەتێکی پەنابەری وڵاتەکەی لەسەر سنووری هاوبەشی نێوان بێلاڕووس و پۆڵەندا گیانی لەدەستداوە و رایگەیاند، لەگەڵ دەسەڵاتدارانی هەردوو وڵاتەکە لە هەماهەنگییدان بۆ زانینی هۆکاری گیان لەدەستدانەکەی.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە، بە بابەخێکی زۆرەوە چاودێریی کارەساتی کۆچی دوای هاووڵاتییەکی عێراق لەسەر سنووری هاوبەشی نێوان بێلاڕووس و پۆڵەندا دەکەین و لەو بارەیەوە کە لەگەڵ دەسەڵاتدارانی هەردوو وڵاتەکە لە هەماهەنگییداین بۆ دەست خستنی زانیاریی ورد لەبارەی هۆکاری گیان لەدەستدانی هاووڵاتییهكه.
لە راگەیەندراوەکەدا هیچ وردەکارییەکی دیکە نەخراوەتەڕوو.
لە مانگی ئابی رابردوودا، حکوومەتی عێراق رایگەیاند، ٦٩٠ هاووڵاتیی وڵاتەکەی ئەوانەی بۆ ماوەی چەند هەفتەیەک بوو لە سنوورەکانی نێوان بیلاڕووس و لیتوانیا گیریان خواردبوو، گەڕاندووەتەوە وڵاتەکەی.