Mustafa Deveci
24 تشرینی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 24 تشرینی دووەم 2020
قودس - AA
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بێنیامین ناتانیاهو ئاشکرای کرد کە لە کاتێکی نزیکدا سەردانی بەحرێن دەکات کە وڵاتەکەی رێککەوتننامەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵدا واژوو کردووە.
بێنیامین ناتانیاهو لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا کە لە هەژماری تویتەرەکەیدا بڵاویکردووەتەوە، ئاماژەی بەوە کرد کە پەیوەندی تەلەفۆنیی لەگەڵ جێنشینی بەحرێن و سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە، سەلمان بن حەمەد بن عیسا ئال خەلیفە ئەنجامداوە.
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل باسی لەوەکرد کە لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، سەرۆکوەزیرانی بەحرێن بانگهێشتی کردووە سەردانی مەنامە بکات، ئەوەشی خستووەتەڕوو کە لە کاتێکی نزیکدا سەردانەکە ئەنجام دەدات.
بێنیامین ناتانیاهو زانیاری سەبارەت بە وادەی سەردانەکەی نەخستووەتەڕوو.
لە لایەکی دیکەوە، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، گابی ئاشکینازی لە چوارچێوەی سەردانێکی فەرمییدا، هەفتەی داهاتوو سەردانی بەحرێن دەکات.
ئیسرائیل و بەحرێن لە رێوڕەسمێکدا کە لە ١٥ی ئەیلوولی رابردوو لە کۆشکی سپی بەڕێوەچوو، رێککەوتننامەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان واژووکرد.