Enes Canlı
22 کانوونی یەکەم 2022•نوێکردنەوە: 22 کانوونی یەکەم 2022
قودس- AA
دوای هەڵبژاردنەکەی یەکی تشرینی دووەمی ئیسرائیل، سەرۆکی ئەو وڵاتە، ئیسحاق هێرتسۆگ سەرۆکی پارتی لیکۆد، بێنیامین ناتانیاهوی بۆ پێکهێنانی حکوومەت راسپارد.
تا نیوەشەوی ٢١ی کانوونی یەکەم، مۆڵەت درابووە ناتانیاهو بۆ ئەوەی کابینەی حکوومەتەکەی پێکبهێنێت، تەنها چەند خولەکێک پێش کۆتایی هاتنی ئەو وادەیەش ناتانیاهو، تەلەفۆنی بۆ هێرتسۆگ کرد و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی پێڕاگەیاند.
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی نووسینگەی رۆژنامەوانیی بێنیامین ناتانیاهو، ناوبراو لە میانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی لەگەڵ سەرۆکی ئیسرائیل، رایگەیاندووە: "جەنابی سەرۆک، دەمەوێت ئەوەت پێڕابگەیەنم کە لە سایەی پشتیوانی گەورەی گەلەکەمان لە کۆتا هەڵبژاردندا، توانیم حکوومەتێک پێکبهێنم کە خزمەتی هەموو هاووڵاتییانی ئیسرائیل بکات".
پێویست ناکات بێنیامین ناتانیاهو، راستەوخۆ لیستی ناوی کابینەکەی ئاشکرا بکات. بەگوێرەی ئەو هەواڵانەی لە راگەیاندنەکانی ئیسرائیل بڵاوکراونەتەوە، رۆژی دووی کانوونی دووەم پەرلەمانی ئیسرائیل، دەنگ لەسەر کابینەکەی ناتانیاهو دەدات.
لە چەند ساڵی رابردوودا، ئیسرائیل بەردەوام رووبەڕووی قەیرانی پێکهێنانی حکوومەتی هاوپەیمانی و هەڵبژاردنی پێشوەخت بووەتەوە، کۆتاجاریش لە یەکی تشرینی دووەمی ئەمساڵدا، هەڵبژاردنی پێشوەخت ئەنجامدرا و تیایدا پارتە راستڕەوەکان کە سەرۆکی ئۆپۆزسیۆن و سەرۆکوەزیرانی پێشوو، بێنیامین ناتانیاهو سەرۆکایەتییان دەکات، توانیان لە کۆی ١٢٠ کورسی پەرلەمان ٦٤ کورسی بەدەستبهێنن.
سەرۆکی ئیسرائیل، ئیسحاق هێرتسۆگ لە ١٣ی تشرینی دووەمدا، سەرۆکی پارتی لیکۆد، بێنیامین ناتانیاهوی بۆ پێکهێنانی حکوومەت راسپاردبوو.
واش چاوەڕوان دەکرێت کابینەی نوێی حکوومەت، ببێتە "راستڕەوترین" کابینە لە مێژووی دەوڵەتی ئیسرائیلدا.