Tuğçenur Akgün
22 کانوونی یەکەم 2022•نوێکردنەوە: 22 کانوونی یەکەم 2022
واشنتۆن – AA
سەرۆکی ئوکراینا، ڤلۆدۆیمیر زێلێنسكی رایگەیاند: "وێڕای تەواوی تەنگوچەڵەمەکان، ئۆکراینا نەکەوت. ئۆکراینا دەژی و بەرپەرچی (رووسیا) دەداتەوە".
ڤلۆدۆیمیر زێلێنسكی لە دانیشتنێکی کۆنگرێسی ئەمریکا کە دیموکرات و کۆمارییەکان تیایدا بەشدار بوون، گوتارێکی پێشکەش کرد.
دانیشتنەکە کە بە سەرۆکایەتی جێگری سەرۆکی ئەمریکا، کامالا هاریس و سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا، نانسی پێلۆسی ئەنجام درا، ئەندامانی کۆنگرێس بۆ ماوەیەکی زۆر بە پێوە چەپڵەیان بۆ سەرۆکی ئوکراینا، ڤلۆدۆیمیر زێلێنسكی لێ دا.
ڤلۆدۆیمیر زێلێنسكی لە سەرەتای گوتارەکەیدا، سوپای گەلی ئەمریکا بە تایبەت ئەندامانی کۆنگرێسی کرد و گوتی: "لە دیدی تەواوی جیهان شکستمان بە رووسیا هێناوە. وێڕای تەواوی تەنگوچەڵەمەکان، ئۆکراینا نەکەوت. ئۆکراینا دەژی و بەرپەرچی (رووسیا) دەداتەوە".
سەرۆکی ئۆکراینا ئاماژەی بەوە دا کە ئەمریکایی و ئەورووپییەکان لەو جەنگەدا سەرکەوتنیان بەدەست هێناوە و گوتی: "لەبەر ئەوەیە ئەورووپییەکان ئێستا لە هەموو کاتێک بەهێزترن. داپڵۆسەرێتی رووسیا کۆنترۆڵی لەسەر ئێمە لەدەستداوە، هەرگیز جارێکی دیکە کاریگەری ناکاتە سەرمان".
ڤلۆدۆیمیر زێلێنسكی خەباتی سەربازانی وڵاتەکەی بە خەباتی سەربازانی ئەمریکا چواند لە ١٩٤٤ دژبە هیتلەر و گوتی: "ئۆکراینا هەرگیز خۆی رادەست ناکات. ئەو هاوکارییانەی لە رێگای چەک و تەقەمەنییەوە بۆمان دابین کراون گرنگن، بەڵام وەک پێویستیش نین".
سەرۆکی ئوکراینا، ڤلۆدۆیمیر زێلێنسكی رەخنەی لە ئێرانیش گرت و گوتی: "رووسیا لە سیاسەتی کۆمەڵکوژیدا هاوپەیمانێکی بۆ خۆی دۆزییەوە کە ئێرانە. ئێران سەدان درۆنی کوشندەی بۆ رووسیا رەوانە کرد کە هەڕەشەن لەسەر ژێرخانی ئێمە. بەم جۆرە تیرۆریستێک یەکێکی دیکەی دۆزییەوە".
ڤلۆدۆیمیر زێلێنسكی ئاماژەی بەوە دا کە هیچ کاتێک داوایان نەکردووە، سەربازانی ئەمریکا بێن لە ئۆکراینا بجەنگن و گوتی: "سەربازانی ئۆکراینا زۆر بە باشی دەتوانن تانک و فڕۆکەی ئەمریکایی بەکار بهێنن".
سەرۆکی ئۆکراینا سوپاسی هاوکارییە دارایییەکانی بۆ وڵاتەکەی کرد و گوتی: "ئەو پارەیەی دەیدەن خێرخوازی نییە، بەڵکو وەبەرهێنانە لە دیموکراسی و ئاسایشی نێودەوڵەتییدا".
زێلێنسکی رووسیای بە "دەوڵەتی تیرۆر" ناو برد و ئاماژەی بەوە دا کە رووسیا لەلایەن کرملینەوە ژەهراو کراوە و پێویستە رووسیا باجی کارەکانی بدات.
سەرۆکی ئۆکراینا لە کۆتایی قسەکانیدا سوپاسی پشتیوانییەکانی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکای کرد، بۆ پشتگیرییەکانی بۆ وڵاتەکەی و ئەو ئاڵایەی ئۆکراینای پێشکەش کرد کە لە هێڵی بەرەی باخموت پێشکەشی کرا و واژووی سەربازانی ئۆکراینای بەسەرەوەیە.
لە بەرامبەر ئەمەدا، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا، نانسی پێلۆسی یەکێک لەو ئاڵایانەی ئەمریکای پێشکەشی سەرۆکی ئوکراینا، ڤلۆدۆیمیر زێلێنسكی کرد کە لە کۆنگرێس دەشەکێنەوە.