Ruslan Rehimov
12 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 12 تشرینی یەکەم 2020
باکو - AA
سەرەڕای ئاگربەست، سوپای ئازەربایجان بەرپەرچی سەرجەم پەلامارەکانی سوپای ئەرمینیا دایەوە کە بە درێژایی شەوی رابردوو ئەنجامیدان.
لە راگەیەندراوێکدا کە لەلایەن وەزارەتی بەرگریی ئازەربایجانەوە بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە کراوە کە شەوی رابردوو هێزەکانی سوپای ئەرمینیا بەمەبەستی سەرلەنوێ داگیرکردنەوەی ئەو پێگانەی لەدەستیداون لەسەر شێوەی گرووپی بچووک هێرشیان کردووەتە سەر ئاغدەرە، ئاغدەم، فوزوڵی و جەبرائیل.
لە راگەیەندراوەکەدا باس لەوە کراوە کە سوپای ئازەربایجان بەرپەرچی سەرجەم پەلامارەکانی سوپای ئەرمینیای داوەتەوە و تانکێکی جۆری T-72 و سێ سیستمی مووشەکی گرادی لەناوبردووە و ژمارەیەکی زۆر سەربازیش لە چالاکی خراون.
هەروەها لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە فەوجی نۆ لە یەکەی تۆپهاوێژی سوپای ئەرمینیا بەرەو هادروت پاشەکشەی کردووە و سەربازانی کەتیبەی پێنج لە فەوجی نۆ زرێپۆشەکانیان جێهێشتووە و هەڵاتوون.
بەهەمان شێوە سەربازانی فەوجی پێنج و فەوجی ٥٢٢ی سوپای ئەرمینیا، ئۆتۆمبێلەکانیان لە مەیدانی جەنگ جێهێشتووە و پاشەکشەیان کردووە.
لە لایەکی دیکەوە لە ئاکامی بۆردومانی سوپای ئازەربایجان، پەناگەیەکی فەوجی یەکی سوپای ئەرمینیا خاپوورکرا.
لە راگەیەندراوەکەدا باس لەوەیش کراوە کە سوپای ئازەربایجان بە درێژایی سەرجەم بەرەکان لە دۆخێکی باشدایە.