Azat Muhammet
22 کانوونی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 22 کانوونی دووەم 2017
ھەولێر-AA
سەرۆکى ئەنجوومەنى نیشتمانى کورد لە سووریا، ئیبراهیم برۆ رایگەیاند "ئێمە وەک نوێنەرى سیاسى ئەنجوومەنى نیشتمانى کورد لە سووریا بۆ خستنەڕووى تەواوى پێشلکارییەکان بەرامبەربە مافى مرۆڤ و گەلى کورد بەشدارى کۆبوونەوەکانى ئاستانا دەبین کە بڕیارە سبەی دووشەممە لە کازاخستان بەڕێوە بچیت، زۆرینەى پێشلکارییەکان بەرامبەربە مافى مرۆڤ لە سووریا بووە بۆیە دەمانەوێت دەنگ هەڵببڕێن و بەرگرى لە مافى مرۆڤ و گەلى کورد لە سووریا بکەین".
سەرۆکى ئەنجوومەنى نیشتمانى کورد لە سووریا، ئیبراهیم برۆ لە لێدوانێکى بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو گوتی: "ئامانجى سەرەکی بەشداربوونمان لە کۆبوونەوەکانى ئاستانا راگرتنى ئەو جەنگە خوێناوییە کە بەرۆکى مرۆڤایەتى گرتووە لە سووریا، بەهەمان شێوەش تەواوى ئەو لایەن و هێزانەیش ئاشکرا دەکەین کە نایانەوێت جەنگ بوەستێت ئاگربەست لە دواى ئاگر بەست دەشکێنن، چونکە چەندین هێز و گرووپى جیا جیا هەن بەردەوام لە ئاڵۆزترکردنى دۆخى سووریان".
ئیبراهیم برۆ گوتى: "لە کۆبوونەوەکانى ئاستانا داوا لە هەموو وڵاتان دەکەین هاوکارى مرۆیی بەپەلە بگەیەننە سووریا، چونکە بەهۆى بەردەوامى جەنگەوە قات و قڕیەکى زۆر گەورە رووى لە دانیشتووانى ناوچەکە کردووە، هەروەها بەپێویستى دەزانم کارێکى جددى بکەن لەبەردەم ئەو گرووپە چەکدارانەى لە ژێر ناوى جیا جیا رێگرن لە گەیاندنى هاوکارییە مرۆییەکان، چونکە ئەگەر دواخستن یان کەمتەرخەمى بکرێت لە گەیاندنى هاوکارى مرۆیی و خواردن و خواردنەوە و تەواوى کەلوپەلە سەرەتاییەکانى نێوماڵ، ژیانى هەزاران کەس لە سووریا دەکەوێتە ژێر هەڕەشەیەکى گەورە".
سەرۆکى ئەنجوومەنى نیشتمانى کورد لە سووریا، ئیبراهیم برۆ پەنجە بۆ چەند هێزێکى وەک رژێمى ئەسەد و چەکدارانى پەیەدە رادەکێشێت بەپێشلکار ناویان دەبات و دەڵێت "جگە لەوەى رژێمى ئەسەد و چەکدارانى پەیەدە بەردەوام پێشلکارى بەرامبەربە مافى مرۆڤ ئەنجام دەدەن تا ئێستاش هەزاران کەسیان لە بەندیخانەکانى خۆیان دەستبەسەر کردووە هیچ شتێک لەبارەى چارەنووسیان نازانرێت، بۆیە هەوڵێکى جددى دەدەین بۆ رزگارکردنى ئەو دەستبەسەرانەى بەندیخانەکانى رژێمى سووریا و چەکدارانى پەیەدە/یەپەگە، چونکە وەک دەزانین مامەڵەى نەشیاویان بەرامبەر دەکریت و ژیانیان لە مەترسیدایە لە بەندیخانەکاندا، ئەوانەى دەستبەسەرن سەدان هەزار کەس لایەنگرانى ئۆپۆزسیۆنى سووریا و ژمارەیەکى زۆریش ئەندام و لایەنگرانى ئەنجوومەنى نیشتمانى کورد لە سووریا و ئەندامانى پارتى دیموکراتى کوردستان- سووریا-ن، بەبێ جیاوازى داواى رزگارکردنى هەموویان دەکەین".
ئیبراهیم برۆ گوتیشی: "لە کۆبوونەوەکانى ئاستانا کەیسێکى تایبەت بەناوچە کوردییەکانى سووریامان لەبەردەستە بۆ ئەوەى هەموو شتێک لە بەرژەوەندى گەلى کورد لە سووریا وتوێژ بکەین و هەموو هەوڵێکیش دەدەین پشتگیرى وڵاتان بۆ گەلى کورد لە سووریا بەدەست بهێنین، چونکە چەند گرووپێک بەزوڵمى چەک و تفەنگ ناوچە کوردییەکانى سووریا بەڕێوە دەبەن، نموونەى روون بەرچاو دەسەڵاتى پەیەدە لە ناوچە کوردییەکانى کە بەحوکمى لوولەى تفەنگەکانیان منداڵ و هاووڵاتییان چەکدار دەکەن، ئەندام و لایەنگرانى پارتە کوردییەکانى وەک ئەنەکەسە و پەدەکەسە دەڕفێنن تا ئێستا زیاتر لە ٤٠ ئەندام و لایەنگرانمان دەستبەسەرن، بەوەشەوە نەوەستاون بەڵکو دەستیان بەخوێنى ئەو هاووڵاتییە کوردانە سوور کردووە، هەڵبەت رژێمى سووریاش بێبەش نەبووە لە دەستوەردان لە قووڵترکردنەوەى ململانێکان".
ناوبراو گوتىشی: "دەرئەنجامەکانى کۆبوونەوەکانى ئاستانا لەسەر تەواوى گەلى سووریا بەهەموو پێکهاتە و چین و توێژەکانەوە رەنگدانەوەى دەبێت، چونکە وەک ئاگادارین هەموو وڵاتانى بەشدار لە کوبوونەوەکانى ئاستانا کاردەکەن بۆ وەستاندنى شەڕ لە سووریا، ئەوەش خۆى لە خۆیدا بڕیارێکى چارەنووسسازە بۆ تەواوى گەلى سووریا، چونکە کە چەکەکان بێ دەنگ کران ئیتر قۆناغى ئاوەدانکردنەوە و ژیاننەوەى تەواوى ناوچەکە دەست پێ دەکات".
بڕیارە سبەى دووشەممە کۆبوونەوەکانى ئاستانا بەسەرپەرشتى تورکیا، سووریا، رووسیا، ئێران، رژێمى سووریا و ئۆپۆزسیۆنى سووریا و بەشدارى چەندین وڵاتى دیکە لە کازاخستان بەڕێوە بچێت، ئەنجوومەنى نیشتمانى کورد لە سووریا وەک بەشیک لە ئۆپۆزسیۆن بەشدارى کۆبوونەوەکان دەبێت، ئەو شاندەى ئەنجوومەنى نیشتمانى کورد لە سووریا بەشدارى کۆبوونەوەکانى ئاستانەن لە سەرۆکى ئەنەکەسە، ئیبراهیم برۆ هەروەها ئەندامى دەستەى یاسایی ئەنجوومەنى نیشتمانى کوردى لە سووریا، کاک دەروێش و نوێنەرى ئەنەکەسە لە ئۆپۆزسیۆنى سووریا عەبدوڵحەکیم بەشار پێکهاتووە.