Ömer Koparan,Ethem Emre Özcan
21 کانوونی دووەم 2022•نوێکردنەوە: 22 کانوونی دووەم 2022
ئەعزاز- AA
دوو رۆژ بەر لە ئێستا شەپۆلەکانی بەفر بارین ناوچەکانی ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فورات و چڵە زەیتوونی گرتووەتەوە و لە بەرزاییەکاندا نزیکەی ٤٠ سانتیمەتر بەفر باریوە.
بەهۆی بەفرەوە بەشێک لە رێگاکان گیراون و ناوەندی شارۆچکەکان و کەمپی ئاوارەکانیش بەفر دایپۆشیون و چەند چادرێکیش بەهۆی بەفری زۆرەوە داڕووخاون. ئەو هاووڵاتییە مەدەنییانەی لە کەمپەکاندا دەمێننەوە نیگەرانن لە نەبوونی خۆراک و سووتەمەنی.
- "چادرەکەمان لە کەڵک کەوتووە"
پەیامنێرانی ئانادۆڵو، ئازاری ئاوارەکانی ناو کەمپەکانیان تۆمار کرد.
ئیبراهیم خەلیل کە یەکێکە لە دانیشتوانی کەمپێکی ئەعزاز لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باسی لەوە کرد کە بەهۆی بەفرەوە چادرەکەیان کەوتووە بەسەریاندا و رایگەیاند: "چادرەکەمان لە کەڵک کەوتووە. ناچاربووین بچینە لای ماڵەکانی دیکە. نزیکەی ١٠ چادری دیکەش لە دەوروبەرمان وەک چادرەکەی ئێمە داڕماون".
- "لە سەرمایەکی تەزێنەردا لەگەڵ سێ منداڵەکەم بێپەناگە ماینەوە"
شەمسە داهیری تەمەن ٦٠ ساڵ دانیشتویەکی دیکەی کەمپەکەیە و بەدەم فرمێسکەوە باسی لە ئازارەکانی خۆی کرد.
داهیر، ئەوەی ئاشکرا کرد کە لە شاری حەمماوە بۆ ئەعزاز کۆچیان کردووە و گوتیشی: "کاتێک شەو بەفر بارین دەستیپێکرد، لە ترسی داڕووخانی چادرەکە خەوم لێنەکەوت. چادرەکانمان داڕوخان و لە سەرمایەکی تەزێنەردا لەگەڵ سێ منداڵەکەم بێپەناگە ماینەوە. نە سووتەمەنیمان هەیە و نە پەناگەیەکمان هەیە رووی تێبکەین. نازانم چی بکەین، دەمەوێت بە زووترین کات هاوکارییمان پێبگات".
- "هەوا زۆر ساردە و سووتەمەنیشمان نییە"
فاتمە ئیبراهیمی تەمەن ٦٥ ساڵ یەکێکی دیکەیە لە زەرەرمەندەکانی بەفربارینەکە و لە لێدوانێکیدا رایگەیاند: "بەفر باری و چادرەکانمان زیانیان بەرکەوت. بەتانی و فەرشی ناو چادرەکان تەڕ بوون. بەفر نیعمەتی خوایە و هەموو شوێنێکی سپی کردووە بەڵام هەوا زۆر ساردە و ئێمەش سووتەمەنیمان نییە".