Behlül Çetinkaya
28 تشرینی یەکەم 2022•نوێکردنەوە: 29 تشرینی یەکەم 2022
ئەنقەرە - AA
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی بەرامبەر بە واژووکرانی رێککەوتنی سنووری دەریایی نێوان لوبنان و ئیسرائیل.
وەزارەتی دەرەوە لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە کە رێککەوتنەکە بە نێوەندگیریی ئەمریکا ئەنجامدراوە و رایگەیاندووە: "پێشوازیی لە رێککەوتنەکە دەکەین کە دوێنێ (٢٧ی تشرینی یەکەم) لە ئەنجامی دانوستانە ناڕاستەوخۆکانی نێوان لوبنان و ئیسرائیل واژوو کراوە".
لە راگەیەندراوەکەدا تیشک خراوەتە سەر گرنگی رێککەوتنەکە بۆ ئاشتی و سەقامگیریی خۆرهەڵاتی دەریای ناوەڕاست کە لە ئێستادا رووبەڕووی چەندین ئاڵنگاریی بووەتەوە و هاتووە:
"لە رێکەوتنەکەدا کە مۆدێلی کارکردنی هاوبەشی لایەنی سێیەمی تێدا دیاری کراوە، دەتوانێت پێشینەییەکی ئەرێنی بۆ ناوچەکە و بە تایبەت بۆ تورک و روومەکانی قوبرس پێک بهێنێت".
لە راگەیەندراوەکەدا هەروەها ئاماژە بەو پێشنیازەی کۆماری تورکی قوبرسی باکوور کراوە کە پێشکەش بە ئیدارەی قوبرسی یۆنانی کرابوو، هاتووە:
"لە مانگی تەمووزی رابردوو کۆماری تورکی قوبرسی باکوور پێشنیازێکی پێشکەش بە ئیدارەی قوبرسی یۆنانی کردبوو بۆ ئەنجامدانی هاوکاریی لەسەر بنەمای لێکتێگەیشتن لەرێگەی دیاریکردن و دابەشکردنی دادپەروەرانەی داهات بە شێوەیەک کە زیان بە مافەکانی ئێستای کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت نەگەیەنێت".
هەر لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بە پێشنیازی تورکیا کراوە بۆ بەڕێوەچوونی کۆنفرانسی خۆرهەڵاتی دەریای ناوەڕاست لە ساڵی ٢٠٢٠دا و راگەیەندراوە "تورکیا بەردەوامە لە پشتگیریکردنی ئەو پێشنیازانەی هاریکاری هایدرۆکاربۆن کە لەلایەن کۆماری تورکی قوبرسی باکوور لە ساڵانی ٢٠١١، ٢٠١٢، ٢٠١٩ و ٢٠٢٢دا خرابووەڕوو".