Ahmet Karaahmet,Mehmet Burak Karacaoğlu
03 مای,س 2024•نوێکردنەوە: 04 مای,س 2024
ئیدلب - AA
تۆڕی مافەکانی مرۆڤی سووریا، بڵاویکردەوە کە لە دەستپێکی شەڕی ناوخۆ لە سووریا تا ئێستا، ٧١٧ ڕۆژنامەنووس و ڕاگەیاندنکار کوژراون.
بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی ئازادی ڕاگەیاندن، تۆڕی مافەکانی مرۆڤی سووریا ڕاپۆرتێکی بلاوکردەوە.
لە ڕاپۆرتەکەدا جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە کە لە سووریا بەهۆی شەڕی ناوخۆوە پێشێلکاری بەرامبەر ئەوانەی لە بواری ڕۆژنامەنووسیدا کار دەکەن بەردەوامە و، لە ئاداری ٢٠١١ەوە تا ئێستا، لەوەتەی شەڕی ناوخۆ لەو وڵاتە سەریهەڵداوە، ٧١٧ ڕۆژنامەنووس و ڕاگەیاندنکار کە شەشیان ئافرەتن و نۆیان بیانین کوژراون.
ئاماژە بەوە کرا کە ٥٥٤ ڕۆژنامەنووس لەوانەیش پێنج ڕۆژنامەنووسی بیانی و یەک ڕۆژنامەنووسی ئافرەت لەلایەن ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد و گرووپە تیرۆریستییەکان کە ئێران پشتیوانیان دەکات کوژراون و، ٢٤ ڕۆژنامەنووسی دیکەش لە هێرشی ئاسمانیی ڕووسیادا کوژراون.
هەروەها ٦٤ ڕۆژنامەنووس و ڕاگەیاندنکار لە میانی شەڕی ناوخۆدا لەلایەن ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعشەوە کوژراون، کە سیانیان بیانیی و دوونیان ئافرەت بوون.
هەروەها لەو ناوچانەی ڕێکخراوی تیرۆریستیی یەپەگە/پەکەکە داگیری کردوون چوار ڕۆژنامەنووس کوژراون، ئۆپۆزسیۆنی سەربازیی و گرووپە چەکدارەکانی نەیاری ڕژێمیش ٣٤ ڕۆژنامەنووس و ڕاگەیاندنکاریان کوشتووە کە سیانیان ئافرەت بوون.
لە ئاکامی ئەو هێرشانەی لەلایەن هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعشەوە ئەنجامدراوە، ڕاگەیاندنکارێک کوژراوە و ٣٦ ڕاگەیاندنکاری دیکەش کە یەکێکیان بیانییە لەلایەن لایەنە نادیارەکانی دیکەوە کوژراون.