Yusuf Özcan,Muhammet Ali Kemal
17 تەمووز 2018•نوێکردنەوە: 18 تەمووز 2018
پاریس - AA
یاریزانانی هەڵبژاردەی فەڕەنسا، پاڵەوانی مۆندیالی ٢٠١٨ی رووسیا، گەیشتنەوە پاریس.
دوای ئەوەی رۆژی یەکشەممە لە یاریی کۆتاییدا بە ئەنجامی ٤-٢ لە هەڵبژاردەی کرواتیایان بردەوە، دوێنێ یاریزانانی هەڵبژاردەی فەڕەنسا بۆ تۆپی پێ گەڕانەوە وڵاتەکەیان.
دوای گەیشتنەوەیان، یاریزان و کۆی هەڵبژاردەکە لە کۆشکی ئێلیزێ لە لایەن سەرکۆماری فەڕەنسا، ئیمانوێل ماکرۆن و هاوسەرەکەی، بریجت ماکرۆن پێشوازییان لێکرا.
ماکرۆن یەک یەک سڵاوی لە یاریزانان و راهێنەر، دیدێ دیشامپ کرد و لە خوانێکدا کە هەزار و ٣٠٠ کەس ئامادەیبوون، گوتارێکی پێشکەشکرد.
ماکرۆن گوتی: "سوپاستان دەکەم بۆ بردنەوەی ئەم جامە و دڵخۆشکردنمان. سوپاستان دەکەم بۆ ئەوەی یەکگرتوو بوون. سوپاسی ئەو خێزانانە دەکەم کە لێرەن و سوپاسی هەڵبژاردەی وڵاتەکەم دەکەم. مەگۆڕێن، ئەم پێکهاتەیەتان زۆر باشە".
سەرۆکی فەڕەنسا بەپێویستی زانی کە یاریزانانی هەڵبژاردەی وڵاتەکەیان بیریان نەچێت لە چییەوە گەیشتوونەتە ئەو ئاستە و تیشکی خستەسەر ئەوەی هەموو فەڕەنسییەکان پشتیوانی هەڵبژاردەکەن.
هاوکات کۆشکی ئێلیزێ، بە یاریزانان و راهێنەری راگەیاند کە لەماوەی چەند مانگێکدا لە لایەن ئیمانوێل ماکرۆن-ەوە مەدالیای لێژیۆن دۆنێریان کە باڵاترین مەدالیایە، پێدەدرێت.