Ramal Mahmood
29 تشرینی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 30 تشرینی یەکەم 2016
رۆما - AA
- وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا، پاوڵۆ جێنتیلۆنی: "هەرچەند ئۆپەراسیۆنی مووسڵ ئەنجامی ئەرێنی دەبێت، بەڵام زۆری پێدەچێت و سەخت دەبێت".
- نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا لە ھاوپەیمانیتی نێودەوڵەتی دژبە داعش، برێت مەکگۆرک: "ئێمە زۆر لەنزیکەوە لەگەڵ تورکیا کاردەکەین. چەند رۆژیک لەمەوبەر سەرۆک ئۆباما و سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لەمیانی پەیوەندییەکانی تەلەفۆنیدا گفتوگۆی باشیان کردووە".
وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا، پاوڵۆ جێنتیلۆنی رایگەیاند کە دەرکردنی مووسڵ لەدەست داعش سەخت و درێژخایەن دەبێت.
وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا، پاوڵۆ جێنتیلۆنی لەگەڵ نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا لە ھاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژبە داعش، برێت مەکگۆرک لە وەزارەتی دەرەوە کۆبوویەوە.
لەدوای کۆبوونەوەکە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەش ئەنجامدرا، جێنتیلۆنی سەرکەوتنی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژبە داعش لەماوەیەکی کەمدا بەگرنگ زانی. ئەوەیشی خستەڕوو کە هاوکات لەگەڵ سەرکەوتنە سەربازییەکان ئاسایش و سەقامگیری گەڕاوەتەوە ناوچە ئازادکراوەکان و خەڵکی رومادی و فەللوجە گەڕاونەتەوە سەر ماڵوحاڵی خۆیان.
جێنتیلۆنی لەبارەی ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژبە داعش و هێزە خۆجێیەکان بۆ رزگارکردنی مووسڵ گوتی: "هەرچەند ئۆپەراسیۆنی مووسڵ ئەنجامی ئەرێنی دبێت، بەڵام زۆری پێدەچێت و سەخت دەبێت".
جێنتیلۆنی باسی قۆناغی دوای گرتنەوەی مووسڵی کرد و گوتی: "لەدوای گرتنەوەی مووسڵ پێویستە رێز لە زۆرینەی راستەقینە بگیرێت. ناکرێت پەیڕەوی سیاسەتی تۆڵەسەندنەوە و مەزهەبگەرایی بکرێت. پێویستی بە ئیدارەیەکە کە هەمووان لە خۆبگرێت".
وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا، پاوڵۆ جێنتیلۆنی ئاماژەی بەوە دا کە رێکخراوی تیرۆریستی داعش لە عێراق و سووریا لەژێر گوشاردایە و لە ئێستایشەوە هەرەسی هێناوە لەوەی شاری سرتی باکووری لیبیا بکاتە قەڵای خۆی، جەختیشی کردەوە کە ژمارەی تیرۆریستان لە شارەکە ئێجگار کەمبووەتەوە.
نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا لە ھاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژبە داعش، برێت مەکگۆرک رایگەیاند لە کۆتاییەکەیدا تیرۆریستان شکست دەهێنن، تەنانەت لەو چوارچێوەیەدا سەرکردەکانیان یەک بەیەک دەکوژرێن بەڵام بۆ ئەمە کات پێویستە. ئاماژەی بەوەش دا کە داعش لە شاری سرت بە ئامانجەکەی نەگەیشتووە.
لەوەڵامی پرسیاری رۆژنامەوانێکدا کە پرسیبووی "ئێوە پشتیوانی کوردی سووریا دەکەن، تورکیاش پشتیوانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا دەکات. لەم رەوشەدا ئاستەنگ دروست نابێت لە رزگارکردنی رەققەدا؟"، مەکگۆرک گوتی: "پرسیارێکی باشە. ئێمە زۆر لەنزیکەوە لەگەڵ تورکیا کاردەکەین. چەند رۆژیک لەمەوبەر سەرۆک ئۆباما و سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لەمیانی پەیوەنییەکی تەلەفۆنیدا گفتوگۆی باشیان کردووە. بەشێک لەو شوێنانەی سێ مانگ لەمەوبەر لە ژێر دەستی داعش بوون ئێستا لەژێر کۆنترۆڵی ئۆپۆزسیۆنن. تورکەکان ئەو ناوچانەیان بە تەواوی داخستووە، ئێمەیش بۆ ئەمە لە وشکانییەوە پاڵپشتییمان کردن. پێشتریش بەڕای گشتییمان راگەیاندبوو کە هەماهەنگی لەگەڵ ئەو هێزە ئۆپۆزسیۆنانە دەکەین کە لەلایەن تورکیاوە لە دژی داعش هاوکاری دەکرێن. دەمانەوێت دڵنیابین لەوەی کە بەرەنگاری داعش دەبنەوە. هێزی زۆر و جۆراوجۆر لە ناوچەکە هەن. بۆیە پێویستە هەماهەنگی لەگەڵ یەکتر بکەن. ئەوە پەیامی ئێمەیە بۆ هەموو لایەک. پێشبینی ناکەین پلانی رزگارکردنی رەققە بەسستی بەڕێوە بچێت".
مەکگۆرک سوپاسی ئیتاڵیای کرد بەهۆی ئەوەی رۆڵێکی زۆر باشی گێڕاوە لە عێراق بەوەی ئەندازیارانی ئیتاڵی بە هەوڵەکانیان گیانی هەزاران کەسیان رزگار کردووە کە مەترسی ئەوە هەبوو بە هۆی تەقاندنەوەی بەنداوی مووسڵ لەلایەن داعشەوە ببنە قوربانی.
لەبارەی پرسیارێکی دیکەوە مەکگۆرک ئاماژەی بەوە دا کە قەیرانی سووریا بە رێگەچارەی سەربازی چارەسەر نابێت و جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە هەموو جیهان بینی رووسیا و رژێمی بەشار ئەسەد چییان لە حەلەب کرد، بەرەنگاری تیرۆریستان نابنەوە و هاووڵاتی مەدەنی دەکوژن. هیوایشی خواست بۆ بەرەوپێشچوونی باشتر لەوبارەیەوە بێتە ئارا.