Muhammed Bilal Kenasari,Hemın Othman Mohammed
29 تشرینی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 30 تشرینی یەکەم 2016
واشنتۆن - AA
گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا، مارك تۆنه‌ر: "میكانیزمی لێكۆڵینه‌وه‌ی هاوبه‌شی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان كاری زۆر گرنگ ده‌كه‌ن بۆ روونكردنه‌وه‌ی ره‌وشه‌كان له‌باره‌ی به‌كارهێنانی چه‌كی كیمیایی له سووریا. له راپۆرته‌كه‌دا باس له‌وه كراوه له‌ساڵانی 2014 و 2015دا چوار جار چه‌كی كیمیایی به‌كارهێنراوه، له‌وه‌ش سیانیان له‌لایه‌ن رژێمه‌وه به‌كارهێنراوه".
سه‌باره‌ت به ره‌خنه‌ی رووسیا له‌و راپۆرته‌ی کە باس له به‌كارهێنانی چه‌كی كیمیایی ده‌كات له سووریا له‌لایه‌ن رژێمه‌وه، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا، مارك تۆنه‌ر رایگه‌یاند "له‌و هێرشانه‌ی له ساڵانی 2014 و 2015دا، چه‌كی كیمیاییان تیادا به‌كارهاتووه، سیانیان له‌لایه‌ن رژێمه‌وه بووه".
له كۆنگره‌ی رۆژنامه‌وانی رۆژانه‌یدا، تۆنه‌ر باسی له گوته‌كانی نوێنه‌ری هه‌میشه‌یی رووسیا له نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان، ڤیتالی چوركین كرد، كه ئاماژه‌ی به‌وه كردبوو راپۆرته‌كه‌ی كۆمسیۆنی سه‌ربه‌خۆی لێكۆلینه‌وه‌ی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان دژبه یه‌كه كه ده‌ڵێت رژێم له سووریا سێ جار چه‌كی كیمیایی به‌كارهێناوه.
تۆنه‌ر باسی له‌وه كرد پشتیوانیان له میكانیزمی لێكۆڵینه‌وه‌ی هاوبه‌شی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان كردووه و، گوتی: "بۆ روونكردنه‌وه‌ی ره‌وشه‌كان له‌باره‌ی به‌كارهێنانی چه‌كی كیمیایی له سووریا كاری زۆر گرنگ ده‌كه‌ن. ده‌مه‌وێت ئاماژه به‌وه‌یش بكه‌م كه له راپۆرته‌كه‌دا باس له‌وه كراوه له‌ساڵانی 2014 و 2015دا چوار جار چه‌كی كیمیایی به‌كارهێنراوه، له‌وه‌ش سیانیان له‌لایه‌ن رژێمه‌وه به‌كارهێنراوه".
تۆنه‌ر ئه‌وه‌یشی خسته‌ڕوو كه رژێمه‌كه‌ی به‌شار ئه‌سه‌د له‌و رووه‌وه له رێكخراوی تیرۆریستی داعش زیاتر زیانی به گه‌لی سووریا گه‌یاندووه و، گوتی: "به‌پێی ئه‌و به‌ڵگه‌یه‌ی به‌ده‌ستمانه‌وه‌یه ئه‌و چه‌كه كیمیاییانه‌ی دیاری كراون هه‌موویان له‌ناوبراون. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئاگادارین كه ئه‌وه غازی كلۆری نه‌گرتووه‌ته‌وه. ناشزانین كه چۆن غازی خه‌رده‌لیان ده‌ستكه‌وتووه یان چۆن دروستیان كردووه. دیمه‌نێكی روون و ئاشكرا له‌و باره‌یه‌وه له‌به‌رچاودا نییه".
له‌به‌رامبه‌ر ره‌خنه‌ی رووسیا له راپۆرتی رێكخراوی قه‌ده‌غه‌كردنی چه‌كی كیمیایی كه باس له به‌كارهێنانی چه‌كی كیمیایی ده‌كات له‌لایه‌ن رژێمه‌وه له سووریا، سه‌رۆكی كۆمسیۆنی لێكۆڵینه‌وه، ڤیرجینیا گامبا، ئاماژه‌ی به‌وه كردبوو كه پاڵپشتی له راپۆرته‌كه ده‌كه‌ن و، به‌ڵگه‌ی پێویست له‌به‌رده‌ستدایه كه ده‌ریده‌خه‌ن رژێم سێ جار چه‌كی كیمیایی له سووریا به‌كارهێناوه.