Mohamed Majed
04 تشرینی یەکەم 2024•نوێکردنەوە: 06 تشرینی یەکەم 2024
غەززە ــ AA
بزووتنەوەی حەماس، بۆردومانکردنی کەمپی تۆڵکەرەم لە کەناری ڕۆژئاوای داگیرکراو لەلایەن ئیسرائیلەوە کە بەھۆیەوە ژمارەیەک فەڵەستینی کوژراون و برینداربوون، بە "پێشھاتێکی مەترسیدار" لە قەڵەمدا.
بزووتنەوەی حەماس ڕاگەیاندراوێکی لەبارەی بۆردومانکردنی کەمپی توڵکەرەم لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە بڵاوکردەوە و تیایدا ھاتووە: "ئەم بۆردومانە، پێشھاتێکی مەترسیدارە لە بەردەوامی دەستدرێژی داگیرکار بۆ سەر کەناری ڕۆژئاوا، ھەروەھا بەڵگەیەکە لەسەر دڕندەیی و مایەپووچبوونی داگیرکار لە ژێر ڕۆشنایی شکستی لە شکاندنی ئیرادەی گەلەکەمان".
ڕاشیگەیاندووە: "بەرەی مقاوەمە لە توڵکەرەم و سەرجەم پارێزگارەکانی کەناری ڕۆژئاوا بەردەوامن لە ڕووبەڕووبوونەوەی داگیرکار و ھەروەھا سیاسەتی کوشتن، گەلەکەمان لە بژاردەی ڕووبەڕووبوونەوەی داگیرکار سارد ناکاتەوە".
ھەروەها بزووتنەوەی حەماس داوای لە فەڵەستینییەکان کردووە کە لە سەرجەم پاڕیزگاکانی کەناری رۆژئاوا، خۆپیشاندان بۆ سەرکۆنەکردنی بۆردومانکردنی کەمپی تۆڵکەرەم ئەنجام بدەن و كار بكەن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داگیرکار.
دوێنێ پێنجشەممە، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل کەمپی تۆڵکەرەم باکووری کەناری ڕۆژئاوا بۆردومان کرد.
وەزارەتی تەندروستیی فەڵەستین ڕایگەیاند کە لە ئاکامی بۆردومانەکەدا، ١٨ فەڵەستینی کوژراون و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون.