Mohammed Baqi Hussein
10 کانوونی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 10 کانوونی یەکەم 2015
سەرۆكی ئەنجوومەنی رێكخراوی خاچی سووری نێودەوڵەتی پیتەر ماورەر رایگەیاند "بۆ گەیشتن بە ملیۆنەها كەس كە پێویستییان بە یارمەتی مرۆیی هەیە، ئامادەن لەگەڵ هەموو گرووپەكانی چەكدار گفتوگۆ بكەن بە داعش-یشەوە".
ماورەر لەبارەی 32ەمین كۆنفرانسی نێودەوڵەتی رێكخراوی خاچی سووری نێودەوڵەتی و مانگی سوور كە هەر چوار ساڵ جارێك لە شاری جنێڤی سویسرا بەڕێوە دەچێت بۆ ئەنادۆڵو دوا.
ماورەر رایگەیاند كە بەمەبەستی تاوتوێ كردنی ئایندەی خاچی سوور و مانگی سوور لەگەڵ دەوڵەتاندا كۆبۆتەوە و چاوەڕوانی ئەوە دەكات لەو دیدارانەدا بگەنە رێككەوتن لەبارەی چەند بابەتێكی گرنگی پەیوەندیدار بە رێكخراوەكانی خێرخوازی و یارمەتییەكانی مرۆیی.
ناوبراو ئاماژەی بەوەدا كە لە كۆنفرانسەكەدا باس لە پاراستنی بنكەكانی تەندروستی، ئاسایشی كارمەندانی یارمەتی مرۆیی و توندوتیژی رەگەزی كراوە و لە كۆتایی كۆنفرانسەكەدا پڕۆژە بڕیارێك لەبارەی ئەو بابەتانەی تاوتوێ كراون پەسەند دەكرێت.
- "ئامادەین بۆ گفتوگۆ لەگەڵ هەموو گرووپەكانی چەكدار بە داعش-یشەوە"
ماورەر ئاماژەی بەوەدا كە لە سەرانسەری جیهاندا قەیران لەئارادایە و لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا رۆژانە ژمارەی ئەوانەی كە ئاوارە دەبن و پێویستیان بە یارمەتیی مرۆییە لە هەڵكشاندایە. وەبیریشی هێنایەوە كە خاچی سوور بانگەوازی بۆ كۆكردنەوەی بڕی یەك ملیار و 500 ملیۆن دۆلار یارمەتی مرۆیی كردووە بۆ ساڵی 2016.
ناوبراو ئاماژەی بەوەیش دا كە بەشێكی زۆری سندووقی یارمەتی خاچی سوور بۆ سووریا بەكاردێت و گوتی:"لە هیچ كات و شوێنێكی جیهاندا نەمانبینیوە كێشەیەك هێندەی كێشەی سووریا خەڵكی ئاوارە كردبێت".
جەختیشی كردەوە كە جەنگ هەڕەشەیە بۆ سەر گیانی كارمەندانی رێكخراوەكانی خێرخوازی و بانگەوازی كرد كە لە جەنگدا رێز لە یاساكانی نێودەوڵەتی بگیرێت.
ماورەر ئاماژەی بەوەدا كە گەیشتن بەو ناوچانەی لەژێر كۆنترۆڵی داعشدان سەختە.
ماورەر گوتی: "ناچارین لەگەڵ هەموو گرووپەكانی چەكداردیدار ئەنجامبدەین بە داعش-یشەوە، تا بتوانین بگەین بە ملیۆنەها كەس كە پێویستیان بە یارمەتی مرۆییە و ئەمەیش بناغەی بەرپرسیارێتییەكەمانە. گرووپەكانی چەكدار وەڵامی پێویستییەكانی خەڵكی ناوچەكانی ژێردەستیان نادەنەوە. پێویستە بۆ گەیشتن بە ملیۆنەها كەس كە پێویستیان بە یارمەتی مرۆییە لەگەڵ گرووپەكانی چەكدار گفتوگۆ بكرێت. خاچی سوور رێكخراوێكە 150 ساڵە لەبەرەكانی جەنگدا لەگەڵ تەواوی لایەنەكاندا گفتوگۆ دەكات. هەمیشە مەترسی سەر ژیانی كارمەندانمان لەبەرچاودەگرین و ئەوەی لەدەستمان بێت دەیكەین بۆ گەیاندنی دەستی یارمەتی بەو ملیۆنەها كەسەی كە لە سووریا پێویستیان بە یارمەتی مرۆییە".