Bayram Altuğ
28 ئاب 2020•نوێکردنەوە: 28 ئاب 2020
جنێڤ-AA
خولی سێیەمی کۆبوونەوەکانی لیژنەی دەستووری سووریا لە شاری جنێڤ-ی سویسرا بەردەوامن.
کۆبوونەوەکە بە بەشداری ٤٥ کەس لە نووسینگەی جنێڤ-ی نەتەوە یەکگرتووەکان بەڕێوەدەچێت و ١٥ کەسیان شاندی رژێمی بەشار ئەسەد، ١٥ کەسیان نوێنەری هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا و ١٥ی دیکەیان نوێنەری رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنین.
لە سێیەمین خولی کۆبوونەوەکاندا هاوسەرۆکی هیزەکانی ئۆپۆزسیۆن، هادی ئەلبەحرە ئەوەی ئاشکرا کرد کە چاوەڕێ دەکەن کۆبوونەوەکان بەباشترین شێوە بەڕێوەبچن.
لە بەرامبەردا هاوسەرۆکی شاندی رژێم، ئەحمەد کوزباری لە دەستپێکی ئەم خولەی کۆبوونەوەکانەوە تا ئێستا هیچ روونکردنەوەیەکی نەداوە و چاوەڕێدەکرێت ئەمڕۆ کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی سازبکات.
جێنیفەر فێنتەن گوتەبێژی نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پرسی سووریا، گەیر ئۆتۆ پێدەرسەن، لە میانەی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئەوەی ئاشکرا کرد کە چاوەڕێدەکرێت لە دوای دانیشتنەکانی سبەی خولی سێیەمی کۆبوونەوەکان کۆتایی بێت.
فێنتەن باسی لەوەش کرد دانوستانەکان بەشێوەیەکی ئەرێنی بەڕێوەدەچن و چەندین پرسی بەسوود خراونەتە بەر باس و گفتوگۆ.
شایەنی باسە کۆبوونەوەکان بەیانیان و دوانیوەڕوان بە دوو دانیشتن بەڕێوەدەچن.