Hemin Hüseyin
28 کانوونی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 31 کانوونی یەکەم 2017
هەولێر - AA
ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، فەرسەت سۆفی:
- "دیارە ئێستا بە نیازن دانوستانەکان بکەنە دوو بەش، ئەویش ئەوەیە کە ئێستا دانوستانی تەکنیکی دەست پێ بکات لە نێوان وەزارەتەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان و پاشان دانوستانە سیاسییەکان دەست پێ بکات".
- "داوا لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و یەکگرتووی ئیسلامیی دەکرێت پۆستی سەرۆکی پەرلەمان وەربگرن و پارتی دیموکراتی کوردستان بەنیاز نییە ئەو پۆستە وەربگرێت".
ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، فەرسەت سۆفی رایگەیاند "بەردەوام حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیی خۆی دەربڕیووە بۆ دانوستان و حکوومەتی عێراق تا ئێستاش ئەو ئامادەییەی تێدا نییە، بەڵام لێدوانەکانی ئەم دواییەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادی جۆرێک لە قسەکردنی جیاوازمان بینی. دیارە ئێستا بە نیازن دانوستانەکان بکەنە دوو بەش، ئەویش ئەوەیە کە ئێستا دانوستانی تەکنیکی دەست پێ بکات لە نێوان وەزارەتەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان و پاشان دانوستانە سیاسییەکان دەست پێ بکات، بەڵام بەداخەوە ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت لە جووڵەی سوپا و داخستنی خاڵە سنوورییەکان و فڕۆکەخانە و دانپێدانەنان بە دۆخی یاسایی هەرێمی کوردستان کە لە دەستووردا هاتووە و کۆمەڵیک شتی دیکەی نایاسایی، بۆیە بۆ ئەوەی زەمینەیەکی گونجاو بۆ دانوستان دروست بێت ئەوا پێویستە ئەو ئیجرائاتە نادەستووری و نایاساییانەی حکوومەتی عێراق بوەستێت و فڕۆکەخانەکان بکرێنەوە".
فەرسەت سۆفی لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "هەندێک هەنگاوی باش هەیە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و کرانەوەی وڵاتان بە رووی هەرێمی کوردستاندا و ئێستاش لە ئامادەکاری ئەوەین کە هەڵبژاردنێکی دیموکراسیانە لە هەرێمی کوردستان ئەنجام بدەین و بە دڵنیاییەوە ئەوەش کاریگەری لەسەر بارودۆخی ناوچەکە دەبێت".
سەبارەت بە رێککارە یاساییەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی پەرلەمان، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان، فەرسەت سۆفی گوتی: "بە پێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان، کاتێک سەرۆکی پەرلەمان یان یەکێک لە ئەندامانی پەرلەمان دەست لەکار دەکێشتەوە بە پێی ماددەی ١٦ لە پەیڕەوی ناوخۆ ئەم دەستلەکارکێشانەوە دێتە ناو هۆڵی پەرلەمان و ئەگەر بە زۆرینەی دەنگ قبووڵکرا ئینجا دەبێت بە پێی بڕگەی دوو لە هەمان ماددە لە کۆبوونەوەی داهاتوودا کاندیدی ئەو پۆستتە دیاریی بکرێت واتا ئەگەر یەک کاندیدیش هەبێت هەر پێویستە بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی پەرلەمان دەنگی لەسەر بدرێت".
فەرسەت سۆفی گوتیشی: "سەبارەت بە دەست لەکارکێشانەوەکەی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، هەر کات دەست لەکارکێشانەوەکە گەیشتە هۆڵی پەرلەمان، ئەوا دەخرێتە بەرنامەی کاری نزیکترین کۆبوونەوە، ئینجا دەخرێتە دەنگدان بۆ قبووڵکردن، ئینجا پڕکردنەوەی پۆستەکە بۆ کۆبوونەوەی دواتر دەبێت و دەرگای خۆپاڵاوتن دەکرێتەوە و دەست دەکرێت بە دەنگدان و سەرۆکی نوێی پەرلەمان هەڵدەبژێردرێت. واتا لە رووی یاسایییەوە پێویستە لە کۆبوونەوەی دوای چۆڵبوونەکە، پۆستەکە پڕ بکرێتەوە و نابێت کۆبوونەوەکانی پەرلەمان درێژەی پێ بدرێت تا ئەو کاتەی پۆستەکە پڕ نەکرێتەوە، چونکە لە ماددەی دوودا هاتووە کە ئەگەر سەرۆکی پەرلەمان ئامادە نەبوو ئەوا جێگر جێگای دەگرێتەوە، بەڵام ئەگەر شوێنەکە بەتاڵ بوو ئەوا لەو کاتەدا دەتوانی تەنها یەک کۆبوونەوە بەڕێوەبچێت و شوێنەکە پڕ بکرێتەوە".
ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، فەرسەت سۆفی ئاشکرای دەکات کە پارتی بە نیاز نییە ئەو پۆستە وەربگرێت و یەكێتیی نیشتمانیی کوردستان بە شایستەی ئەو پۆستە دەزانێت، بەڵام دڵنیا نییە لە وەرگرتنی ئەو پۆستە لە لایەن یەکێتییەوە و گوتی: "پۆستی سەرۆکی پەرلەمان پۆستێکی سیادییە و ئەم پۆستە پێویستی بە رێککەوتنێکی سیاسیی هەیە لە نێوان ئەو لایەنانەی لە حکوومەت بەشدارن و بە پێی زانیارییەکان داوا لە یەکێتی دەکرێت کە ئەم پۆستە وەربگرێت، بەڵام ئایا وەریدەگرێت یان نا، چونکە ئەگەر یەکێتی وەرینەگرێت، ئایا یەکگرتوو وەریدەگرێت یان نا، جارێ ئەوە نازانین، بەڵام پارتی دیموکراتی کوردستان بەنیاز نییە ئەو پۆستە وەربگرێت لە هەموو حاڵەتەکاندا، پێویستە ئەو پۆستە پڕ بکرێتەوە بۆ ئەوەی پەرلەمان درێژە بە کارەکانی بدات".
فەرسەت سۆفی ئاماژە بە پڕۆژەیەکی تازە دەکات و پێی وایە جاریکی دیکە چاکسازی لە کەرتی گشتیدا بکرێت و لەبارەی ئەو پڕۆژەیەشەوە گوتی: "یاسایەک لە حکوومەت ئامادەکراوە و لەم چەند رۆژدا دێتە پەرلەمان لەسەر چاکسازی لە کەرتی وەزیفەی گشتی و خانەنشین و ئەو خەڵکانەی هەر ئیمتیاز و هەر منحەیەک وەردەگرن و کۆمەڵیک خاڵی زۆر باشی تێدایە کە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی خەرجی لە وەزیفەی گشتی".
سەبارەت بە ناوەرۆکی پڕۆژەکەش، فەرسەت سۆفی گوتی: "ئەوەی پەیوەندی بە پلە باڵاکانی تایبەتەوە هەیە یاسای خانەنشینی موەحدی عێراقی جێبەجێ دەکرێت، ئەوانەی کە خانەنشین بوون و پۆستەکەیان مومارەسە نەکردووە ئەوا پۆستەکانییان هەڵدەوەشێتەوە، یەکەی پاسەوانی جارێکی دیکە رێکدەخرێتەوە و ئەو دەرماڵە نایاساییانە دەبڕدرێت و پلە بەرزکردنەوە نایاساییەکانی فەرمانبەران هەمووی کۆتایی پێدێت و دادەبەزێتەوە بۆ شوێنی خۆی، هەروەها هەموو ئەوانەی لە یەک مووچە زیاتریان هەیە دەبێت یەکێکیان دەستنیشان بکەن و یەک مووچە وەرگرن جگە لە مووچەی شەهیدان کە ناکەوێتە چوارچێوەی ئەو یاسایەوە".