Dildar Baykan Atalay
03 ئادار 2022•نوێکردنەوە: 06 ئادار 2022
واشنتۆن-AA
سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ، دەستوەردانی سەربازیی رووسیای بۆسەر ئۆکراینا بە "ھۆڵۆکۆست" ناوبرد و داوای لە مۆسکۆ کرد کە ھێرشەکانی رابگرێت.
دۆناڵد ترەمپ لە میانی بەشداریکردنی لە پرۆگرامێکی کەناڵی تەلەڤیزیۆنی فۆکس بزنسی ئەمریکی، روونکردنەوەی لەسەر جەنگی رووسیا-ئۆکراینا دا.
ترەمپ بانگەوازی له رووسیا كرد، "واز لە کوشتنی ئەو مرۆڤانە بھێنێت" و رایگەیاند دەتوانرێت بگەنە رێککەوتنێک بۆ راگرتنی پێکدادانەکان.
گوتیشی: "لە ئێستادا رووسیا رێزی پێویست بۆ ئەمریکا دانانێت. نازانم بۆ ھیچ شتێک ناکرێت به ئاڕاستهی چارەسەر؟ ئەمە ھۆڵۆکۆستێکە. ئەوەی روودهدات ترسناکە. ھەموو شەوێک لە تەلەڤیزیۆنەکانەوە شایەتی رووداوەکان دەبین و دەیانبینین".
سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، ئاماژەی بەوەش کرد کە بڕیاری وەرگرتن یان وەرنەگرتنی ئۆکراینا لە ناتۆ، بڕیارێکە کە ناتۆ خۆی دەیدات و گوتی: "لە ئێستادا ئەگەری وەرگرتنی ئۆکراینا لە ناتۆ بە بەراورد لەگەڵ شەش مانگ پێش ئێستا زۆر زیاترە".