Zuhal Demirci
03 ئادار 2022•نوێکردنەوە: 06 ئادار 2022
لەندەن-AA
سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، بۆریس جۆنسن رایگەیاند، سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین لە ئۆکراینا "تاوانی جەنگ"ی ئەنجامداوە.
بۆریس جۆنسن، لە میانی بەشداریکردنی لە دانیشتنی ھەفتانەی پرسیارکردن لە سەرۆکوەزیران لە ئەنجوومەنی گشتیی بەریتانیا، باسی لە شەڕی رووسیا-ئۆکراینا کرد.
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی نیشتمانیی سکۆتلاند لە ئەنجوومەنەکە، یان بلاکفۆرد لە گوتارێكدا ئاماژەی بەوە کرد کە لەگەڵ تێپەڕبوونی ھەر کاتژمێرێک جیھان کارەساتی شەڕەکەی پوتین بۆ سەر ئۆکراینا زیاتر دەبینێت و داوای کرد کە پوتین بەشێوەیەکی "تەواو گشتگیر" لەسەر تاوانی ئەو جەنگەی کە ھەیە، دادگایی بکرێت.
بۆریس جۆنسن، لەدوای گوتارەکەی بلاکفۆرد، گوتارکی پێشکەش کرد و گوتی: "ئەو چەک و تەقەمەنییەی کە دەیبینین رژێمی ڤلادیمیر پوتین دژبە خەڵکی مەدەنیی بێتاوان بەکاری دەهێنێت، بە بۆچوونی من بە تەواوەتی ئامادەیە کە وەکو تاوانی جەنگ دیاریی بکرێت و ئەوەش دەزانم کە داواکاری گشتیی دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان لەمە دەکۆڵێتەوە و لەوەش دڵنیام کە تەواوی پەرلەمان پاڵپشتیی ئەمە دەکەن".
- گوتەبێژی سەرۆکایەتی وەزیران: "ئەگەری ھەیە لە ئۆکراینا ھەموو رۆژێک تاوانی جەنگ ئەنجامبدرێت"
گوتەبێژی سەرۆکایەتی وەزیرانی بەریتانیا، لە دوای دانیشتنەکەی پەرلەمان و لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بە بەکارھێنانی دەستەواژەی "تاوانی جەنگ" لەلایەن سەرۆکوەزیران بۆریس جۆنسنەوە، گوتی: "ئەگەری ھەیە لە ئۆکراینا، ھەموو رۆژێک تاوانی جەنگ ئەنجامبدرێت".
گوتەبێژەکەی سەرۆکایەتی وەزیرانی بەریتانیا گوتیشی: "بە راستی ئەم بڕیارە بەشێوەیەکی فەرمی دەدرێت بە دادگای سزاکان، بەڵام بە بۆچوونی من ھیچ کەسێک گومان لەوە ناکات کە ئەوەی ھەموو رۆژێک تەنانەت ھەموو کاتژمێرێک دەیبینین کارێکی ترسناک و تاوانی جەنگە".
بەمشێوەیە، گوتەبێژەکە ناساندنی دۆخی ئۆکراینا بە "تاوانی جەنگ" لەلایەن سەرۆکوەزیرانی بەریتانیاوە پشتڕاستکردەوە.