Zana Natık Kerem
19 کانوونی یەکەم 2018•نوێکردنەوە: 21 کانوونی یەکەم 2018
قودس ــ AA
٢٩ فەڵەستینی لە کەناری رۆژئاوا و قودسی رۆژھەڵات لە لایەن سوپا و پۆلیسی ئیسرائیلەوە دەستگیرکران.
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند لە میانی ھەڵمەتێکدا کە درەنگانی شەوی رابردوو لە کەناری رۆژئاوا ئەنجامیداوە، ١٤ فەڵەستینی بەتۆمەتی تێوەگلان لە ئەنجامدانی چالاکی تیرۆریستی دەستگیرکردووە.
ئاماژەی بەوەشداوە کە دەستگیرکراوەکان بە مەبەستی لێکۆڵینەوە، رەوانەی بنکەکانی ئەمنی کراون.
لە لایەکی دیکەوە سەرۆکی لیژنەی کەسوکاری دیلەکان لە قودس، ئەمجەد ئەبو عەسب رایگەیاند، پۆلیسی ئیسرائیل، ١٥ فەڵەستینی لە شارۆچکەی عیساوییە لە قودسی رۆژھەڵات، دەستگیرکردوو، ئەمە جگە لەوەی کە چوار فەڵەستینی دیکە لە لایەن سوپای ئیسرائیلەوە بانگھێشتکراون بۆ لێکۆڵینەوە.
ناوە ناوە سوپای ئیسرائیل لە کاتەکانی شەودا، ھەڵمەت لە کەناری رۆژئاوا ئەنجام دەدات و بەتۆمەتی جۆراوجۆر ھاووڵاتییانی فەڵەستینی دەستگیردەکات.
بەپێی داتاکانی فەڵەستین، ژمارەی بەندکراوانی فەڵەستینی لە گرتووخانەکانی ئیسرائیلدا، گەیشتووەتە شەش ھەزار کەس کە لەنێویاندا، ٢٧٠ منداڵ، ٥٢ ئافرەت و شەش ئەندامی ئەنجوومەنی یاسادانانی فەڵەستین ھەن، ھەروەھا لەو ژمارەیە ٤٣٠ی بەندکراو بەدەستگیرکردنی کارگێڕی بەبێ دادگاییکردن بەندکراون، جگە لەوەش ھەزار و ٨٠٠یان نەخۆشن کە ٧٠٠یان پێویستیان بەچارەسەری بەپەلەی پزیشکی ھەیە.