Cüneyt Karadağ,Erbil Başay
07 شوبات 2022•نوێکردنەوە: 07 شوبات 2022
بەرلین - AA
راوێژکاری ئەڵمانیا، ئولاف شۆڵتز رایگەیاند کە وڵاتەکەی چەک نادات بە ئۆکراینا.
شۆڵتز، لە میانی دیدارێکیدا لەگەڵ کەناڵی یەکەمی تەلەفزیۆنی ئەڵمانیا (ARD) لە پێش سەردانەکەی بۆ ئەمریکا، ئاماژەی بەوە کرد کە لە قەیرانی ئۆکراینادا لەگەڵ ھاوپەیمانەکانی ستراتیژییەکی روونیان گرتووەتەبەر و گرنگیی کارکردن و ھەماھەنگی لەگەڵ ئەمریکا و یەکێتی ئەورووپا لە نێو ناتۆ خستەڕوو.
شۆڵتز، ئەوەی ئاشکرا کرد کە لە میانی سەردانەکەیدا بۆ ئەمریکا، ئەو پرسانە دەگەیەنێتە ئەنجام کە ماوەیەکە پێشخستنیان تێدا ئەنجامداوە و گوتی: "بۆ نموونە یەکەم، چۆن ئەوە روونبکەینەوە کە ھێرشی سەربازیی رووسیا بۆسەر ئۆکراینا، زۆر بە گرانی لەسەری دەوەستێت؟ ھەموو کات جەختمان لەسەر ئەمە کردووەتەوە. لەم پرسەدا ئامادەکاریی باشمان لەگەڵ ئەمریکا، یەکێتی ئەورووپا و ھەموو لایەنە پەیوەندیارەکان کردووە".
شۆڵتز، ئەوەشی خستەڕوو کە بەشی دووەمی ستراتیژییەکە ئەنجامدانی دیالۆگە لەگەڵ رووسیا.
ئولاف شۆڵتز، لە وەڵامی پرسیاری "ئایا ئەڵمانیا بیر لە ناردنی پێنج ھەزار کڵاوی سەربازیی بە کامێرای حەراری، ئامێری تێکدانی شەپۆڵ و بێتەل بۆ حکوومەتی ئۆکراینا دەکاتەوە یان نا؟، جەختی لەوە کردەوە کە ساڵانێکە حکوومەتی ئەڵمانیا رێگایەکی روونی گرتووەتەبەر و گوتی: "چەک بۆ ناوچەی قەیرانەکان نانێرین و چەکی ھێرشکردن بۆ ئۆکراینا دابین ناکەین. ئەو راوێژکارەی لە پێشم بوو وای کرد. ئەمە راست بوو و ھەر بە راستی دەمێنێتەوە".
راوێژکاری ئەڵمانیا، ئاماژەی بەوەش کرد کە زۆرینەی خەڵکی ئەڵمانیا وەکو حکوومەتی ئەڵمانیا لەو پرسە دەڕوانن.
شۆڵتز، لە وەڵامی پرسیارێکی دیکەدا سەبارەت بە مانەوە یان نەمانی بۆری گازی نۆردستریم-٢ لەکاتی سزادانی رووسیا، گوتی: "ئامادەکاریی کرداریمان ھەیە. لە یەکێتی ئەورووپا لەگەڵ ھاوپەیمانەکانمان و ئەمریکا، گوتووێژی چڕ بۆ ئەگەری سەپاندنی سزا دەکەین. ئەمانە، ئەگەر پێویستی کرد سزای زۆر فراوان و زۆر قورس دەبێت".