Muhammet Ali Kemal
03 مای,س 2017•نوێکردنەوە: 04 مای,س 2017
بەرلین- AA
راوێژکاری ئەڵمانیا، ئەنگێلا مێرکڵ، ئاشکرایکرد تورکیا لە بابەتە گرنگەکاندا وڵاتێکی هاوپەیمانە و سەرەڕای ناکۆکییەکانی نێوان ئەنقەرە و وڵاتانی ئەورووپا، بەڵام ناتوانرێت تورکیا پەراوێز بخرێت.
ئەنگێلا مێرکڵ ئاماژەی بەوەکرد تورکیا لە بابەتە گرنگەکاندا هاوبەش و هاوپەیمانە و رایگەیاند: ''تورکیا لەبەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و لە چارەسەرکردنی کێشەکان، لە سووریا و عێراق، هاوپەیمانە. سەرەڕای ئەو پێشهاتە نەرێنییانەی کە پێویستە بەشێوەیەکی کراوە قسەیان لەسەربکەین، نابێت ئەو وڵاتە پەراوێز بخرێت. ئەمە جگە لەوەی ملیۆنەها هاووڵاتیی بەرەگەز تورک لە ئەڵمانیا ژیان بەسەردەبەن''.
مێرکڵ لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی، ئایا لەدوای گشتپرسیی لەسەر دەستووری ئەو وڵاتە، تورکیا هیچ داهاتوویەکی لە یەکێتیی ئەورووپادا دەبێت یان نا، رایگەیاند: ''پێویستە ئێمە لەبارەی ئەوەوە قسەبکەین کە دەمانەوێت لە داهاتوودا چ جۆرە پەیوەندییەکمان لەگەڵ تورکیادا هەبێت. بەدڵنیاییەوە کە ئەندامی ناتۆیە و لەزۆر بابەتدا هاوبەشێکی گرنگە و لەگەڵ تورکیایەکدا کە بەو شێوەیە دەمێنێتەوە، پێویستە بەشێوەیەکی راستەوخۆ کۆبینەوە. پێویستە بەبێ هیچ گومانێک، لە رەخنەکانماندا راشکاو بین. لەلایەکی دیکەشەوە پێویستە بەشێوەیەکی عەقڵانی هەڵسوکەوت بکەین، چونکە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ تورکیادا، لەبەرژەوەندیی ئێمەیە''.