Muhammet Ali Kemal
09 ئاب 2016•نوێکردنەوە: 10 ئاب 2016
کاندیدی کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ بەڵێنی ئەوەی دا ئەگەر بێت و ببێت بە سەرۆک رێژەی باجەکان بەشێوەیەکی بەرچاو دادەبەزێنێت.
دۆناڵد ترەمپی ملیاردێر لە شاری دیترۆیتی ویلایەتی میشیگان لە گوتارێکدا باسی لەو چاکسازییانە کرد کە لە بواری باجەکاندا ئەنجامی دەدات ئەگەر هەڵبژاردنەکان بباتەوە.
ترەمپ جەختی لەوەکردەوە کە سیستمی ئاڵۆز و تێکەڵاوی باج لە وڵاتەکەی یەکدەخات و بۆ ئەو مەبەستەش خشتەی باجی داهات کە لە ئێستادا لە حەوت ئاست پێکهاتووە، بۆ سێ ئاست دادەبەزێنێت.
بەڵێنی ئەوەشی دا باج بە رێژەی لەسەدا ٤٠ کە لە ئێستادا بەرزترین رێژەی باجە بۆ لەسەدا ٣٣ دادەبەزێنێت و رێژەی باجی دوو ئاستەکەی دیکەش دەکاتە لەسەدا ٢٥ و لەسەدا ١٢.
ئەو ملیاردێرەی کاندیدی کۆمارییەکان لە هەڵمەتەکانی پێشوویدا باسی لەوەکردبوو کە رێژەی باجەکان بۆ لەسەدا ٢٥، لەسەدا ٢٠ و لەسەدا ١٠ دادەبەزێنێت.
- هێرشی کردە سەر ئۆباما
دۆناڵد ترەمپ لە میانی گوتەکانیدا نەک تەنها بۆسەر هیلاری کلینتۆنی رکابەری بەڵکو هێرشی کردە سەر ئیدارەی ئۆباما و ئاماژەی بەوەکرد رێژەی گەشەسەندن لەسەردەمی سەرۆکایەتی باراک ئۆبامادا بۆ ئاستەکانی لەسەدا ١،٢ دابەزیوە و جەختی لەوەکردەوە ئەمە یەکێکە لە لاوازترین قۆناغەکانی بەخۆداچوونەوە لە مێژووی ئەمریکادا.
ترەمپ باسی لەوەکرد ئۆباما قەرزەکانی سەر وڵاتەکەی بۆ دوو هێندە بەرزکردووەتەوە و ژمارەی ئەو کەسانەی کە لەهێزی کاردا بەشداریی ناکەن بۆ ٩٤ ملیۆن کەس بەرز کردووەتەوە و ١٢ ملیۆن ئەمریکی دیکەی بۆ بەرنامەی خۆراک زیادکردووە.
بانگەشەی ئەوەیشیکرد رێژەی بێکاریی راستەقینە زۆر لەسەرووی ئەو رێژەیەوەیە کە لەلایەن وەزارەتی کاری ئەمریکاوە راگەیانراوە کە بریتییە لە پێنج لەسەدا.