Abdullah Shukur
17 کانوونی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 20 کانوونی دووەم 2016
سەرکۆماری ئێران، حەسەن روحانی لە دانیشتنی پەسندکردنی بوودجە لە پەرلەمانی ئێران وتارێکی پێشکەش کرد و گوتی: "دەستپێکردنی پەیڕەوکردنی رێککەوتنامەی ناوەکی، ژینگەیەکی ئەرێنی و دەرفەتی نوێ لەخۆدەگرێت. ھاوکات ئەم دەرفەتانەش پێویستە بەمەبەستی سەقامگیری ناوچەکە و ئاسوودەیی گەل ھەڵسەنگاندنی بۆ بکەین".
روحانی راشیگەیاند کە رێکەوتنی ناوەکی رێگای ھەماھەنگی و ھاوکاری لەگەڵ جیھان دەکاتەوە. گوتیشی: "لە دوای ھەڵگرتنی سزاکانی سەر ئێران ئامانجی حکوومەتەکەمان ھێنانی دەستی کاری بیانی دەبێت. ھاوکات جەخت لەسەر ھەناردەی زیاتری بەرھەمەکانی بەدەر لە نەوت دەکەین".
جێگەی باسە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم رایگەیاندبوو کە ئێران ھەنگاوە پێویستییەکانی بۆ پەیڕەوکردنی رێککەوتنامەی ناوەکی ھاویشتووە و لە دوای ئەمەش نوێنەری باڵای کاروباری دەرەوەی یەکێتی ئەورووپا، فێدێریکا مۆگرینی دوێنێ رایگەیاندبوو کە سزاکانی ئابووری و دارایی سەر ئێران ھەڵگیراوە.