Ali Cura
17 تەمووز 2023•نوێکردنەوە: 17 تەمووز 2023
مۆسکۆ – AA
لیژنەی نیشتمانیی رووسیا بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر رایگەیاند کە هێزەکانی ئۆکراینا لەڕێگای کەشتی بێ کەشتیوان، پەلاماری پردی کریمیایان داوە و ئەمەیشی وەک "پەلامارێکی تیرۆریستی" لەقەڵەم دا.
لیژنەی نیشتمانیی رووسیا بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە راگەیەندراوێکدا سەرنجی خستووەتە سەر ئەوەی کە کاتژمێر ٠٣:٠٥ بە کاتی خۆجێی پەلاماری پردی کریمیا دراوە و نووسیوویەتی: "پەلامارەکە لەلایەن هێزە تایبەتییەکانی ئۆکراینا و بە بەکارهێنانی دوو کەشتی بێ کەشتیوان ئەنجام دراوە".
پەلامارەکە بە "پەلاماری تیرۆریستی" لەقەڵەم دراوە و ئاماژە بەوەیش دراوە لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەستی پێ کردووە.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا، سەرنج خراوەتە سەر ئەوەی لە ئاکامی پەلامارەکەدا، دوو کەس گیانیان لەدەستداوە و منداڵێک بریندار بووە، تیشک خراوەتە سەر ئەوەی بەهۆی هێرشەکەوە زیان بەر رێگای سەر پردەکە گەیشتووە.
لای خۆیشیەوە گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا، ماریا زاخارۆڤا لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تویتەر بە ئاماژەدان بەوەی پەلامارەکە لەلایەن ئۆکرایناوە ئەنجام دراوە نووسیوویەتی: "رژێمی کیێڤ تیرۆریستە و تەواوی تایبەتمەندییەکانی تۆڕی تاوانی نێودەوڵەتیی دەیگرێتەوە. بڕیارەکان بە بەشداری سیاسەتمەدار و هەواڵگرییەکانی ئەمریکا و بەریتانیا و سوپا و بەرپرسانی ئۆکراینا دەدرێن. ئەمریکا و بەریتانیا لە سەرووی رێکخستنی دەوڵەتیی تیرۆرەوەن".