Hasan Esen
24 شوبات 2022•نوێکردنەوە: 25 شوبات 2022
کیێڤ - AA
لەمیانی ئۆپهراسیۆنی رووسیا بۆسەر ئۆکراینا، هەموو شارەکانی ئەو وڵاتە بە کیێڤی پایتەختیشەوە بۆردوومان دەکرێن، لە بەرامبەریشدا ئۆکراینا خستنەخوارەوەی پێنج فڕۆکەی رووسیی راگەیاند.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە شارەکانی کیێڤ، خارکیڤ، کراماتۆرسک، ماریوپۆل، میکۆلایڤ و ئۆدێسا، دەنگی تەقینەوەی یەک لە دوای یەک بیستراوە و، هاوكات لە کیێڤی پایتەخت دەنگی ژمارەیەکی زۆر تەقینەوە بیستراوە و زەنگی ئاگادارکردنەوە لێدراوە.
بەشێک لە هاووڵاتییانی سڤیل هەوڵیاندا لە شارەکە بڕۆنه دهرهوه و بەشێکی دیکەیشیان هەوڵیاندا لە وێستگەکانی میترۆ و ژێرزەمینی ماڵەکانیاندا خۆیان حهشاربدهن.
لە بۆردوومانەکانی رووسیادا بۆسەر شاری خارکیڤ، باڵەخانەیەک زیانی بەرکەوت، هەروەها لانیکەم یەک کەس برینداربوو، ئەوەش بینرا کە کەسێک لەسەر زەوییەکە کەوتووە.
خزمەتگوزاری پاسەوانی سنووری ئۆکراینا، ئەوەی راگەیاند کە رووسیا لە بێلاڕووس و كریمیا هێرشی بۆسەر ئۆکراینا دەستپێکردووە.
بەر لە دەستپێکی جەنگیش سەرۆکی ئۆکراینا، ڤلادیمیر زێلێنسکی، پەیامێکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە و تیایدا رایگەیاند: "ئەگەر هێرش بکرێتە سەر گیانمان، ئازادی و منداڵەکانمان، ئەوا بەرگری لە خۆمان دەکەین. بەڵام هێرش ناکەین و تەنها بەرگری لە خۆمان دەکەین".
زێلێنسکی دواتر لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا ئەوەی ئاشکرا کرد کە بەهۆی پەلامارەکانی رووسیاوە باری نائاسایی لە ئۆکراینا راگهیاندراوه.
سەرۆکی ئۆکراینا، ئەوەی خستەڕوو کە رووسیا، لەڕێی هێرشکردنە سەر ناوچەی دۆنباس خۆرهەڵاتی ئۆکراینا، ژێرخانی سەربازی ئۆکراینا و پاراستنی سنووری کردووەتە ئامانج. زێلێنسکی داوای لە هاووڵاتییانی وڵاتەکەیشی کرد كه، ئارام بن و لە ماڵەکانیان نهچنهدهرهوه.
لە لایەکی دیکەیشەوە هێزە سەربازییەکانی ئۆکراینا، ئەوەیان ئاشکرا کرد کە، لە ناوچهی دۆنباس پێنج فڕۆکە و کۆپتەرێکی رووسی خراونەتەخوارەوە.