Ramal Mahmood
13 کانوونی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 13 کانوونی دووەم 2017
سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا کە ئەندامی پارتی کۆماریشە پۆڵ راین بانگەشەی ئەوەی کرد کە رووسیا بووەتە هەڕەشەیەکی گەردوونی کە لەلایەن کەسێکی هەڕەشەکەرەوە بەڕێوە دەبرێت، تۆمەتی ئەوەیشی خستە پاڵ سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین کە بووەتە رێگر لەبەردەم بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا.
راین لەمیانی بەشداریکردن لە بەرنامەیەکی کەناڵی CNN کە بەشێوەی راستەوخۆ پەخش کرا، لەبارەی دەستوەردانی رووسیا لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا کە بووەتە رۆژەڤی سەرەکی رای گشتیی ئەمریکا وەڵامی پرسیارەکانی دایەوە.
راین ئاماژەی بەوە دا کە لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ کە ٢٠ی ئەم مانگە وەک سەرۆکی ئەمریکا دەست بەکار دەبێت، لە ژمارەیەک بابەتدا بیروبۆچوونیان جیاوازە، رایگەیاند "رووسیا هەڕەشەیەکی گەردوونییە کە لەلایەن کەسێکی هەڕەشەکارەوە بەڕێوە دەبرێت. لەگەڵ ڤلادیمیر پوتین رەچاوی بەرژەوەندییە هاوبەشەکان ناکرێت، ئەو رێگری دەکات لە بەرژەوەندییەکانمان".
راین بانگەشەی ئەوەی کرد کە رووسیا پێشێلکاری کردووە بەرامبەر ژمارەیەک وڵاتی هاوسێی، وڵاتێکی دیموکراسی نییە و دەستوەردەداتە دیموکراسی وڵاتان، گوتیشی: "دەستوەردان لە هەڵبژاردنەکانی وڵاتێکی دیکە هەڵەیە".
ناوبراو بە پێویستیزانی هەڵوێستی توندتر بگیرێتە بەر بەرامبەر رووسیا و بەشێوەیەکی بەهێزتر سزا بدرێت.
راین ئاماژەی بەوە دا راپۆرتی پێشکەشکراوی یەکە هەواڵگرییەکانی ئەمریکا کە دەنگۆی ئەوە بڵاوکرایەوە زانیاری هەستیار لەخۆ دەگرێت لەبارەی ژیانی تایبەتی ترەمپ و رەوشی ئابووری، بە سیاسیی کراوە، گوتی: "لەو باوەڕە دام لەناو یەکەکانی هەواڵگریدا ژمارەیەکی زۆری ئەو کەسە باشانە هەن کە بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایشی ئێمە ژیانی خۆیان دەخەنە مەترسی. بەڵام لەلایەکی دیکەوە لەمە تێدەگەم کە تەنها چەند رۆژێکی ماوە بۆ دەستبەکاربوونی ترەمپ، بڵاوکردنەوەی ئەم شتە نابەجێیانە دەبێتە هۆی توڕەکردن".
راین ئاماژەی بەوەشداوە کە لەو باوەڕە دایە ترەمپ بەردەوام دەبێت لە بەکارهێنانی تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر.