Muhammet Ali Kemal
30 کانوونی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 01 شوبات 2017
بۆگۆتا- AA
لە کۆلۆمبیا زنجیرەیەکی تەلەڤیزیۆنیی لەسەر ژیانی سەرکۆماری پێشووی ڤێنیزوێلا، هۆگۆ چاڤێز کە لە ساڵی 2013دا کۆچی دوایی کرد، بەرهەمهێنرا.
بەرهەمەکە بەزمانی ئیسپانی و لەلایەن Sony Pictures Televisionەوە لەژێر ناونیشانی 'El Comandante'دا ئامادەکراوە و ئەم هەفتەیە لە وڵاتانی ئەمریکای لاتین و لە وەرزی بەهاریشدا لە ئەمریکا پەخش دەکرێت.
زنجیرە تەلەڤیزیۆنییەکە لە 60 بەش پێکهاتووە و باسی گەورەبوونی چاڤێز لە خانەوادەیەکی نەداردا دەکات، هەروەها تیایدا باس لەوە دەکرێت کە بەچ شێوازێک ئەو سەرکردە چەپڕەوە لە رێگەی ئەو رژێمەی کە دایمەزراندووە و بەڕێوەی بردووە، دۆخی ئابووری ئەو وڵاتەی تێکداوە.
زنجیرە تەلەڤیزیۆنییەکە لەلایەن دەرهێنەری ڤێنیزوێلی، هێنری ریڤێرۆوە کاری دەرهێنانی بۆ کراوە و ئاماژەی بەوەکردووە بۆ ئەوەی سەیرکردنی، بینەر بێزار نەکات لە کاری دۆکیومێنتاری دووریان خستووەتەوە.
هاوکات سەرۆکی ڤێنیزوێلا، نیکۆلاس مادورۆ لە گوتارێکدا زنجیرە تەلەڤیزیۆنییەکەی بە''زبڵ''ی داگیرکاران ناوبردبوو.
لەلایەکی دیکەشەوە هاوسەری پێشووی هۆگۆ چاڤێز کە پیش ئەوەی بمرێت لێی جیابووەتەوە، نانسی کۆلمێنارێس ئاشکرای کرد کە سکاڵای یاسایی لەسەر Sony Pictures Television تۆماردەکات.
لای خۆشییەوە سەرۆکی پێشووتری پەرلەمانی ڤێنیزوێلا و سەرکردەی دیاری پارتی سۆسیالیست، دیۆسدادۆ کابێللۆ ئاماژەی بەوەکرد ئەو ئەکتەرەی رۆڵی چاڤێز لە زنجیرەکەدا دەبینێت، ئاندرێ پاررا کە پێشتر رۆڵی بازرگانی ماددە هۆشبەرەکانی بەڕەگەز کۆلۆمبی پابلۆ ئێسکۆباری بینیوە، بەمەبەستی زیان گەیاندن بەوێنەی چاڤێز ئەو رۆلەی دراوەتێ و ئەوەش بەپشتیوانیی راستڕەو و بیانییەکان ئەنجامدراوە.