Dlshad Saifaalddin Ahmed
16 حوزەیران 2019•نوێکردنەوە: 07 تەمووز 2019
سلێمانی ـ AA
عەلی عەبدولکەریم پیاوێکی دانیشتووی قەزای دەربەندیخان (٦٦ کیلۆمەتر باکووری رۆژھەڵاتی سلێمانی)، ئەو لە دایکبووی ساڵی ١٩٦١ە و بڕوانامەی دبلۆمی لە بواری نەوت ھەیە، بەڵام پێچەوانەی تایبەتمەندییەکەی خۆیی زیاتر سەرقاڵی گرنگیدان بە ژینگە و گوڵ و نەمام و سەوزایی و پاراستنی ژینگەیە.
ماڵەکەی عەلی زیاتر لە باخچەیەکی رازاوە دەچێت و زۆربەی دیوار و شوێنەکانی تری ماڵەکەی بە گوڵ و نەمام رازاوەتەوە، وەک خۆی دەڵێت بە ھۆی حەزو خولیای خێزانەکەیەوە زیاتر دەستیان داوەتەوە گرنگیدان بەچاندن و سەوزکردنی گوڵ و نەمام.
عەلی لەو بارەیەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دوا و گوتی: "لە ساڵی ١٩٩٠ ھاوسەرگیریم کردووە لەسەرەتای ماڵداریمانەوە خێزانەکەم حەز و خولیای گوڵ و نەمام بوو، بۆیە منیش ھاوکاریم و کرد و ئاواتەکەیم ھێنایە دی و پێکەوە گرنگیمان بەو بوارە دا و توانیمان شوێنێکی باش دابین بکەین بۆ ئەو مەبەستە".
ئەو گوتی: "لە ساڵی ٢٠٠٠ لەگەڵ خێزانەکەم زیاتر برەومان دا بە کارەکەمان و دوای ١٦ ساڵ توانیمان کۆنترۆڵی ھەموو گوڵەکان بکەین و زیاتر لێیان شارەزا ببین، بەجۆرێک ئێستا زیاتر لە ٢٠٠ گوڵی جۆراوجۆرمان ھەیە و ھەر گوڵێک لەگەڵ کەشوھەوای ئێرە بگونجێت ھەمانە".
عەلی و خێزانەکەی بەجۆرێک لەگەڵ ژیانی گوڵەکان تێکەڵ بوون، باس لەوە دەکات رۆژانە بەپێی زمانی گوڵەکان خۆیان مامەڵەیان لەگەڵ دەکەن و لە زمانی ئەوان دەکەن، دەزانن چ گوڵێک پێویستی بەئاوی زیاتر یان تیشکی خۆر ھەیە و ھۆکاری سیسبوون یان کێشەی ھەر گوڵێکی تریان لە لایە و بەزوویی چارەسەری دەکەن.
ئەو دەڵێت "گوڵ مانای ژیان دەبەخشێت، سەوزایی ئاوەدانی و خۆشەویستی و ئارامی کەسەکانە، ھەر وڵاتێک سەوزایی تیادا نەبێت ژیانی تیادا نییە، بۆیە داوا لە ھەموو لایەک دەکەم لە ماڵەکانی خۆیانەوە دەست پێ بکەن و زیاتر گوڵ و نەمان بچێنن تا رێژەیی سەوزایی لە وڵاتدا زیاتر بکەن".
ئەم کارەی عەلی و خێزانەکەی تەنھا حەزو و خولیایەکی خۆیانە بۆ گوڵ و نەمام و تا ئێستا بیریان لەوە نەکردووەتەوە لە رێگەی فرۆشتنی گوڵەکانەوە داھاتێکی زیاتر بۆ خۆیان پەیدا بکەن.