Zana Natık Kerem
01 نیسان 2017•نوێکردنەوە: 02 نیسان 2017
حمس ــ AA
رێگای مردن لە ئێستادا تاكە رێگایە بۆ ئەوەی دانیشتوانی حمس باكووری سووریا كە ماوەی پێنج ساڵە لەلایەن هێزەكانی رژێمەوە گەمارۆدراون، خۆراك و پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیانی لێوە بەدەست بهێنن.
رێگا مەترسیدارەکە درێژەیەكەی ٨ كیلۆمەترە و دەگاتە نێوان ناوچەی غەجەر لەنزیك رستن و حولە دەورووبەری حمس باكووری سووریا و هەروەها دەگاتە شار و شارۆچكە گەمارۆدراوەكانی دیكە لە دەورووبەری حمس.
بەپێی پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو، ئەو رێگایە كە زۆربەی ئۆتۆمبێلەكان و ماتۆڕسكلەكان پێدا هاتوچۆ دەكەن، دانیشتوانی حمس ناویان ناوە "رێگای مردن" ئەوەش بەهۆی ئەوەی رێگاکە رووبەڕووی بۆردومان دەبێتەوە و هەروەها هێزەكانی رژێمیش بۆسەی لێ دادەنێن، ئەوانەی بەرێگەكەدا هاتوچۆ دەكەن هەمیشە رووحیان لە مشتیانە".
سەباری دژواری و سەختی رێگەكە لە وەرزی زستاندا بەڵام دانیشتوانی حمس جگە لەو رێگەیە هیچ رێگەیەكی دیكەیان نییە بیگرنە بەر بۆ ئەوەی پێداویستییەکانی لێوە دابین بکەن.
لەمبارەیەوە، یەكێك لەو کەسانەی بە رێگای مردن كەلوپەل بۆ بازرگانان دەگوازێتەوە بەناوی ئەبو جەمال بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو قسەی كرد و گوتی: "لەگەڵ بەردەوامی گەمارۆكان، هیچ رێگایەك لەبەردەمدا نییە، جگە لەوەی كەلوپەل بۆ بازرگانان لە رستنەوە دەیانگوازمەوە بۆ بازاڕی حولە".
ئەبو جەمال گوتیشی: "سەرباری ئاستەنگەكان بۆ گواستنەوەی كەلوپەلە بارزگانییەكانم لە رستنەوە بۆ حولە جگە لە رێگای مردن، هیچ رێگەیەكی دیكە نییە پێیدا بڕۆین".
ناوبراو ئەوەشی گوت: "لەبەرامبەر گواستنەوەی كەلوپەلی بازرگانی بەرێگای مردن، تەنها ٣ هەزار بۆ ٤ هەزار لیرەی سووری وەردەگرێت كە دەگاتە (٦ ــ ٨) دۆلار.
ئەبو جەمال ئاماژەی بەوەش دا كە ئەوەی زیاتر لە وەرزی زستاندا رێگاكە خراپ و سەختتر دەكات، ئەو قوڕەیە كە لەسەر رێگەكە دروست دەبێت لەگەڵ بۆردومان و بوونی قەناسبەدەستەكان كە بەهۆیانەوە ژمارەیەك كەس كوژراون كە بەو رێگەیەدا هاتوچۆیان كردبوو.
لای خۆیەوە دانیشتوی ناوچەكە، ئەبو یەزن رایگەیاند كە رێگای مردن بە وەرزی هاوین و زستاندا سەخت و مەترسیدارە، چونكە رێگاكە پڕە لە بۆسە و قەناسبەدەست. كرێی ئەو كرێكارانەی كە كەلوپەلە بازرگانییەكان بەو رێگەیە دەگوازنەوە، زۆر كەمە.
لای خۆیەوە بازرگان لە ناوچەكە، عەبیدە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەو پارەیەی كە شۆفێرانی ماتۆڕسكیلەكان بۆ گواستنەوەی كەلوپەلە بازرگانییەكان بەدەستی دەهێنن بەبەروارد لەگەڵ مەترسی رێگاکە، زۆر كەمە.
عەبیدە گوتیشی: "ئەگەر ئێمە كرێی ئەوانەی كەلوپەلە بازرگانییەكان دەگوزانەوە زیاد بكەین لە بەرامبەردا دەبێت نرخەکانیشیان بەرز بكەینەوە، ئەمەش وا دەکات كە هاووڵاتییان نەتوانن ئەو کەلوپەلانە بكڕن".
لە ساڵی ٢٠١٢وە، دەورووبەری حمس باكووری سووریا لەلایەن هێزەكانی رژێمەوە گەمارۆدراون و دانیشتوانی ناوچەكە پشتیان بەو ماددە خۆراكییانە بەستووە كە رێكخراوەكانی مرۆیی دەیگەیەننە ناوچەكە و تەنانەت زۆر جار هێزەكانی رژێم رێگا بە كاروانەكانی مرۆیی نادەن بچنە ئەو ناوچەكە.