Abdullah Shukur
05 ئادار 2016•نوێکردنەوە: 06 ئادار 2016
بەیرووت
سەرۆکی رێکخراوی پزیشکانی بێسنوور، جۆوانی لیو رایگەیاند کە بە ھۆی شەڕەوە زیاتر لە یەک ملیۆن و 500 هەزار کەس لە ژێر گەماڕۆدا ژیان بەسەر دەبەن.
لە زانکۆیەکی شاری بەیرووتی پایتەختی لوبنان، کۆنفرانسێک لە ژێر ناونیشانی "پزیشکان لەبەرەی شەڕ: ئەستەمی مرۆیی لە بواری پزیشکی" سازکرا.
سەرۆکی رێکخراوی پزیشکانی بێسنوور، جۆوانی لیو گوتی: "زیاتر لە یەک ملیۆن و 500 هەزار کەس لەوڵاتی سووریا لە ژێر گەماڕۆ دایە و گواستنەوەی ئەو کەسانەی کە نەخۆشن و برینەکەیان سەختە زۆر ئەستەمە".
راشیگەیاند کە رێکخراوەکەیان لەوەتەی ساڵی ٢٠١١وە چالاکییەکانی لە سووریا بەڕێوە دەبات. زیاتر گوتیشی: "مافی ئەوەمان نییە لەو شوێنانە کاربکەین کە لە ژێر دەستی رژێمی سووریایە. کارمەندانمان لە سووریا دەرفێنرێن. کارکردن لە ناوچەکانی ژێر دەستی رژێم لە رووی مەترسییەوە ھیچ جیاوازییەکی نییە لەگەڵ کارکردن لە ناوچەکانی ژێر دەستی داعش".
ھاوکات جیۆ باسی لە چالاکییەکانی رێکخراوی پزیشکانی بێسنوور لە وڵاتی لوبنان کرد و رایگەیاند کە لە شەڕی ساڵی ٢٠٠٦ ھاوکاریی بەپەلەی پەنابەرانیان لە نێوخۆی لوبنان و سنوورەکان کردووە. راشیگەیاند کە زۆربەی ھاوکاریی رێکخراوەکەیان لە لوبنان بۆ پەنابەرانی وڵاتی سووریایە.