Bahtiyar Abdülkerimov
14 نیسان 2022•نوێکردنەوە: 21 نیسان 2022
کیێڤ - AA
سەرۆکی ئۆکراینا، ڤلۆدۆیمیر زێلێنسكی رایگەیاند "پێویستە یەکێتیی ئەورووپا، واز بهێنێت لە سپۆنسەریکردنی ئامێری جەنگی رووسیا".
زێلێنسکی لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە یەکێتیی ئەورووپا ئابڵوقە بخاتە سەر نەوتی رووسیا و رایگەیاند "دەبێت ئەورووپا بەئاشکرا ئەوە نیشان بدات کە دەتوانێت دەستبەرداری سەرجەم سەرچاوەکانی وزەی رووسیا ببێت. پێویستە یەکێتیی ئەورووپا واز بهێنێت لە سپۆنسەریکردنی ئامێری جەنگی رووسیا".
سەرۆکی ئۆکراینا باسی لەوەش کرد کە یەکەکانی رووسیا جموجۆڵەکانیان بە ئاراستەی رۆژهەڵات و باشووردا بەهێزتر کردووە و بەردەوامن لە هێرشە مووشەکییەکانیان، هەروەها کەرەستەی سەربازی نوێیان هێناوە، جەختی لەوەش کردووە کە رووسیا هەوڵدەدات هاووڵاتییە ئۆکراینییەکانی باشووری ئۆکراینا بخاتە ریزەکانی سوپاکەیەوە.
ڤلۆدۆیمیر زێلێنسكی لە بارەی هێرشەکانی رووسیا بە ئاراستەی باشووردا رایگەیاند "هەموو ئەم جموجۆڵە گەرمانەی داگیرکران نیشانەی هەستنەکردنیانە بە ئاسایش و دڵنیایی".
زێلێنسکی ئاماژەی بەوەش دا کە تەنانەت سەربازانی رووسیاش گومانیان لەوە هەیە وڵاتەکەیان بتوانێت ئۆکراینا تێکبشکێنێت، گوتیشی: "سوپاسگوزاری هەموو ئەو بەرگریکارانەی وڵاتەکەمانم کە باوەڕیان وایە ئەم جەنگە بە شکستی ستراتیجی رووسیا کۆتایی دێت. حکوومەتی مۆسکۆ، زوو یان درەنگ، دەکەوێتە بەردەم دوو بژاردە کە یەکەمیان ئەوەیە بەڕاستی کار بۆ هێنانەکایەی ئاشتی بکات، دووەمیشیان ئەوەیە کە رووسیا وەک دەرئەنجامێکی ئەم جەنگە بۆ هەتاهەتایە مەیدانی نێودەوڵەتی بەجێبهێڵێت".