Ramal Abdullah Mahmood
07 نیسان 2017•نوێکردنەوە: 07 نیسان 2017
سعوودیە بە تەواوی پشتگیری خۆی بۆ کردنە ئامانجی بنکەیەکی سەربازی ئاسمانی رژێمی سووریا لەلایەن ئەمریکاوە راگەیاند.
لەمبارەیەوە وەزارەتی دەرەوەی سعودیە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە، کە تیایدا هاتووە: "بە تەواوی پشتگیری خۆمان بۆ ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەمریکا دەردەبڕین بۆ سەر بنکەیەکی ئاسمانی رژێمی سووریا بەهۆی بەکارهێنانی چەکی کیماویی لەلایەن ئەسەدەوە کە بووە هۆی کوژرانی ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتییان کە لەنێویاندا ژن و منداڵ هەن".
راگەیەندراوەکە سەرنجی بۆ ئەوە راکێشراوە کە بەرپرسیاری سەرەکی ئۆپەراسیۆنەکان رژێمی سووریایە، تیایدا هاتووە: "بەرپرسیاری ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لەسەر خاکی سووریا رژێمی بەشار ئەسەدە بەهۆی هێرشە قێزەونەکانی بۆسەر گەلی سووریای برا کە ماوەی چەند ساڵێکە ئەنجامیان دەدات".
راگەیەندراوەکە جەختی کردووەتەوە لەسەر ئەوەی کە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بێدەنگ بوون لەبەرامبەر تاوانەکان دژی هاووڵاتییانی سڤیل، تیشکی خستە سەر ئەوەی بڕیاری "لێدان لە ئامانجە سەربازییەکان" لەلایەن سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ بڕیارێکی بوێرانەیە.