Ramal Abdullah Mahmood
07 نیسان 2017•نوێکردنەوە: 07 نیسان 2017
ئێران بە توندی ئیدانەی کردنە ئامانجی بنکەی سەربازیی ئاسمانی شەعیراتی رژێمی ئەسەدی لەلایەن ئەمریکاوە کرد.
لەمبارەیەوە ماڵپەڕی وەزارەتی دەرەوەی ئێران راگەیەندراوی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوە بەهرام قاسمی بڵاوکردووەتەوە، کە تیایدا هاتووە: "هێرشی ئەمریکا بۆ سەر بنکەی سەربازی ئاسمانی شەعیرات بە پاساوی هێرشکردن بە گازی کیماوی لە سووریا، بەتوندی ئیدانە دەکەین. ئەم هەنگاونانە تاکلایەنیانە کێشەکانی سووریا و ناوچەکە ئاڵۆزتر دەکات".
سوپای ئەمریکا رایگەیاند وەک کاردانەوە بەرامبەر ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی و بەکارهێنانی گازی کیمیاوی لە ناوچەی ئیدلب لە رێگەی مووشەکەی جۆری 59 Tomahawk لە کەشتییە موشەکهەڵگرەکانی رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست هێرشی کردە سەر بنکەی سەربازیی ئاسمانی شەعیرات کە لەوێوە هێرشەکەی سەر ئیدلب ئەنجام درابوو.