Dlshad Saifaalddin Ahmed
04 حوزەیران 2017•نوێکردنەوە: 05 حوزەیران 2017
سلێمانی - AA
- بە بۆنەی سەرکەوتنی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی و بەدەستھێنانی نازناوی جامى یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا، ھەوادارانی ئەو یانە ئیسپانیە لە شاری سلێمانی بە گەورە و بچووکەوە رژانە سەر شەقامەکان و تا درەنگانێکی شەو بە ئاھەنگگێڕان و ھەڵدانی یارییە ئاگرینەکان خۆشحاڵی خۆیان بەو بۆنەیەوە نیشاندا.
یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی شەوی رابردوو لەسەر یاریگای کاردیف لە وڵاتی وێڵز لە یاری کۆتایی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا رووبەڕووی یانەی یۆڤێنتۆسی ئیتاڵی بویەوە، ئەنجامی یارییەکەش بە بردنەوەی یانە ئیسپانیەکە بە ئەنجامی ٤ بە ١ گۆڵ کۆتاییھات.
بەو بردنەوەیەی یانەی ریال مەدرید توانی بۆ جاری ١٢ھەمین لە مێژوودا، نازناوی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا بەدەست بھێنێت.
دوای کۆتاییھاتنی یارییەکەش جگە لە یاریزانانی ریال مەدرید کە لەناو یارگاکەدا دەستیان بە ئاھەنگگێڕان و خۆشی دەربڕین کرد، ھەوادارانی ئەو یانەیەش لە ئیسپانیا و وڵاتانی تری جیھان بە ھەمان شێوە دەستیان بە ئاھەنگگێڕان کرد.
لە شاری سلێمانی لە سەرەتای دەستپێکردنی یارییەکەوە، ژمارەیەکی زۆری گەنجان لەناو کافتریا و گازینۆ و شوێنە گشتییەکان کۆبوبوونەوە بۆ بینینی یارییەکە و لەگەڵ تۆمارکردنی ھەر گۆڵێکدا ھەوادارانی یانە مەدریدییەکە ھەڵدەستانە سەرپێ و دەستیان بە ھاوارکردن و خۆشی دەربڕین دەکرد.
لەگەڵ کۆتایی ھاتنی یارییەکە و بەرزرکردنەوەی جامەکەش لە لایەن یاریزانانی یانەی ریال مەدریدەوە، ھەوادارانی ئەو یانەیە لە شاری سلێمانی لە گەڕەک و کافتریاکانەوە بە ھاوارکردن و ھۆڕن لێدان بەرەو شەقامی سەھۆڵەکە ( شەقامێکی سەرەکی شاری سلێمانییە و دەکەوێتە ناوەندی شارەکە لەسەر شاڕێی سالم، زۆربەی بۆنە و یاد و ئاھەنگ و کۆبوونەوە جەماوەرییەکان لەسەر ئەو شەقامە بەڕێوەدەچێت) بەڕێکەوتن، لەسەر ئەو شەقامە ھەزاران کەس لە گەنج و منداڵ بە جل و ئاڵای ریال مەدریدەوە دەستیان بە ئاھەنگگێڕان و ھەڵدانی یارییە ئاگرینەکان کرد و تا درەنگانێکی شەو لەسەر ئەو شەقامە مانەوە.