Dlshad Saifaalddin Ahmed
07 ئاب 2018•نوێکردنەوە: 08 ئاب 2018
سلێمانی ـ AA
فەرمانگەی گشتی پارێزگای سلێمانی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی لە هەرێمی كوردستان، بە بەشداری پارێزگاری سلێمانی و قایمقامی قەزاكانی سنووری پارێزگاكە و بەڕێوەبەری فەرمانگە حكومییەكان و رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی پانێڵێكی دەربارەی گرنگی پڕۆسەی هەڵبژاردن و قۆناغی نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەران سازكرد.
بەڕێوەبەری گشتی سلێمانی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی، رێبین ئەبوبەكر لە لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەنووسان لە بارەی پڕۆسەكەوە دوا و گوتی: "لە سنووری پارێزگای سلێمانی نزیكەی یەك ملیۆن و 200 هەزار كەس مافی بەشداریكردنی دەنگدانیان هەیە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، تا ئێستا ژمارەیەكی كەم لە دەنگدەران سەردانی ناوەندەكانی تۆماری دەنگدەرانیان كردووە و چاوەڕوانی ئەوەین ئەو وادەیەی ماوە بۆ تۆماركردنی ناوی دەنگدەران لە لایەن كۆمیسیۆنەوە درێژ بكرێتەوە".
بەڕێوەبەرەكەی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكان نەیشاردەوە كە تا ئێستا ژمارەیەكی كەمی دەنگدەران سەردانی ناوەندەكانی تۆماركردنیان كردووە، بەجۆرێك لە كۆی نزیكەی یەك ملیۆن و 200 هەزار دەنگدەر، تا ئێستا تەنها 28 هەزار كەس سەردانی ئەو ناوەندانەیان كردووە، ئەوەش رێژەیەكی زۆر كەمە و لە رۆژی هەڵبژاردندا دەنگدەران روبەڕووی كێشە و گرفتی گەورە دەبنەوە و لە مافی دەنگدان بێبەش دەبن.
رێبین ئەبوبەكر، ئاماژەی كرد بەوەی، وەك كۆمیسیۆن دەستیان بە ئامادەكاری و رێكارە یاسایی و هونەرییەكانی پڕۆسەكە كردووە و ئاگاداری هیچ جۆرە بڕیارێكی دواخستنی پڕۆسەكە نین، بڕیارێكی لەو شێوەیەش دەكرێت بە بڕیارێكی سیاسی و لە دەرەوەی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەوە بدرێت.
ئەو باسی لەوەش كرد، هەوڵدەدەن بۆ ئەمساڵ بانگەشەیەكی هەڵبژاردنی جیاواز ئەنجام بدەن و هەركەس و لایەنێك لەچوارچێوەی یاسا و پلانەكانی كۆمیسیۆندا كارەكانی خۆی ئەنجام بدات و بانگەشە و رێكلامەكانی هەڵبژاردن لەچوارچێوەی یاسادا بكرێن.
لە لای خۆیەوە پارێزگاری سلێمانی، هەڤاڵ ئەبوبەكر داوای لە دانیشتوانی سلێمانی كرد سەردانی ناوەندەكانی تۆماركردنی دەنگدەران بكەن و ناوی خۆیان تۆمار بكەن بۆ بەشداریكردن لە پڕۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان.
هەڤاڵ ئەبوبەكر لە گوتەیەكدا بۆ ئامادەبووانی پانێڵەكە گوتی: "لەم پڕۆسەیەدا ئێمە تەواو بێلایەنین و دەرفەتی یەكسان بۆ هەموو لایەنەكان دەستەبەر دەكەین، بە هیچ شێوەیەك بەشداری هیچ كەمپینێكی حزبی و لایەنێك ناكەین و هیچ كەرەستە و موڵكێكی حكومی بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنی لایەنێك بەكار ناهێنرێت".
بڕیارە لە رۆژی 30ی ئەیلوولی 2018 هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەبچێت، بۆ ئەو مەبەستەش كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی لە هەرێمی كوردستان دەستی بە ئامادەكاری یاسایی و هونەری خۆی كردووە و لە شار و شارۆچكەكانی هەرێم دەرگای ناوەندەكانی تۆماری دەنگدەرانی كردووەتەوە تاوەكو دەنگدەران سەردانی ئەو ناوەندانە بكەن و ناوی خۆیان تۆمار بكەن.