Zana Natık Kerem
06 تەمووز 2019•نوێکردنەوە: 07 تەمووز 2019
خەرتووم ــ AA
ھێزەکانی راگەیاندنی ئازادی و گۆڕان کە لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن لەخۆدەگرێت ئاشکرایان کرد، لەگەڵ ئەنجوومەنی سەربازیی راگوزەر لە سوودان سەبارەت بە بەڕێوەبردنی دەسەڵات لە قۆناغی راگوزەردا گەیشتن بە رێککەوتن.
لەمبارەیەوە گوتەبێژی ھێزەکانی راگەیاندنی ئازادی و گۆڕان، مەدەنی عەباس لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ناوەڕۆکی رێککەوتنەکەی خستەڕوو و گوتی: "بەپێی رێککەوتنەکە، بەڕێوەبردنی دەسەڵات لە قۆناغی راگوزەردا، بۆ ماوەی سێ ساڵ و سێ مانگ دەبێت کە لە قۆناغی یەکەمدا، ئەنجوومەنی سەربازیی بۆ ماوەی ٢١ مانگ دەسەڵات بەڕێوەدەبات و لە قۆناغی دووەمدا بۆ ماوەی ١٨ مانگ، دەسەڵات لە لایەن ئەنجوومەنی مەدەنییەوە بەڕێوەدەبرێت".
مەدەنی عەباس گوتیشی: "دوای پێکھێنانی ئەنجوومەنی سەرۆکایەتی لە ھەفتەی داھاتوودا، کابینەی حکوومەتی نوێ و پەرلەمان پێکدەھێندرێن".
لای خۆیەوە سەرکردە لە ھێزەکانی راگەیاندنی ئازادی و گۆڕان، خالید عومەر رایگەیاند حکوومەتی نوێ دوور لە پشکپشکێنەی حزبایەتی پێکدەھێنرێت و کەسانی شارەزا و لێھاتوو لەخۆدەگرێت.
دوێنێ ھەینی ئەنجوومەنی سەربازیی راگوزەر و ھێزەکانی راگەیاندنی ئازادی و گۆڕان رایانگەیاندبوو، سەبارەت بە دابەشکردنی دەسەڵات لە قۆناغی راگوزەردا گەیشتوون بە رێککەوتن.