Ramal Mahmood
25 شوبات 2017•نوێکردنەوە: 28 شوبات 2017
ئەنجامدانی هێرشی خۆکوژی بۆسەر دوو بنکەی ئەمنی هێزەکانی رژێمی بەشار ئەسەد لە شاری حومس ژمارەیەکی زۆر کوژراو و برینداری لێکەوتەوە.
بەپێی هەواڵی میدیاکانی رژێم، دوو هێرش کراوەتە سەر بنکەکانی ئەمنی لە ناوچەی غوتە و مەهاتە لە پارێزگای حومس.
پارێزگاری حومس، تەلال ئەلبەرازی رایگەیاند لە ئاکامی هێرشە خۆکوژیەکەدا ٣٢ کەس کوژراون و ٢٤ کەسی دیکەش بریندار بوون.
بانگەشەی ئەوە دەکرێت ژمارەیەکی زۆری بەرپرسی باڵای سوپا کە لەنێویاندا سەرۆکی یەکەی ئاسایشی سەربازی، جەنەڕاڵ حەسەن دابول لە نێو کوژراوەکان دایە.
سەرچاوە خۆجێیەکان، ئاماژە بەوە دەکەن لە یەکێک لەو بنکانە سەربازی بووە و ئەوەی دیکەیشیان هەواڵگری بووە.
رێکخراوی فەتح شام کە بەرپرسیاری هێرشەکانی لە ئەستۆ گرتووە، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی رایگەیاندووە ئەم کارەیان وەک تۆڵەسەندنەوە لەبەرامبەر هێرشەکانی رژێم لە ڤایەر، ئیدلب و شام ئەنجام داوە. بانگەشەی ئەوەیشی کردووە کە سەرۆکی هەواڵگری مەدەنی، حومس ئیبراهیم دەروێش کوژراوە.