Abdullah Shukur
06 ئاب 2017•نوێکردنەوە: 07 ئاب 2017
دیمەشق - AA
لە ئاکامی ھێرشی ئاسمانی و زەمینی رژێمی ئەسەد بۆ سەر شارۆچکەی عەین تەرما سەر بە ناوچەی غوتەی رۆژھەڵات سەر بە پارێزگای دیمەشق کە دەکەوێتە چوارچێوەی ناوچەی داماڵراوە لە پێکدادانەکان، دوو سڤیل کوژران و ھەشتی دیکە برینداربوون.
مەحمود ئەدھەم کە یەکێکە لە بەرپرسانی بەگری شارستانی عەین تەرمای ژێر کۆنتڕۆڵی ئۆپۆزسیۆنی سووریا، لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند کە فڕۆکە جەنگییەکانی سەر بە رژێم شەش ھێرشی ئاسمانیان بۆ سەر ئەو شارۆچەکەیە ئەنجامداوە و زیاتر لە ٢٠ مووشەکی ئاراستەی شارۆچکەکە کردووە.
ئەدھەم ئاشکراشی کرد لە ئاکامی بۆردومانەکەدا دوو سڤیل کوژراون و ھەشت سڤیلی دیکە برینداربوون. گوتیشی: "ئاگر لەو شوێنانە کەوتووەتەوە کە بە مووشەک کراونەتە ئامانج. تیمەکانی بەگری شارستانی ئاگرەکەیان کۆنتڕۆڵ کرد و بەشێکی خانووەکانی ناوچەکەش رووخان و زیانیان بەرکەوت".
ناوچەی غوتەی رۆژھەڵات یەکێک لەو چوار ناوچانەی کە لە کۆبوونەوەکانی ئاستانا لە ٣-٤ی ئایار لە نێوان ئێران و تورکیا و رووسیا وەک ناوچەی داماڵراو لە شەڕ و پێکدادانەکان رێککەوتنی لەسەر کرابوو.