Ruslan Rehimov
02 حوزەیران 2021•نوێکردنەوە: 02 حوزەیران 2021
باکو - AA
نزیکەی ٤٠ سەربازی سوپای ئەرمینیا کە سنووری ئازەربایجانیان بەزاندبوو، ناچار بە پاشەکشەکردن کران.
لەو بارەیەوە، وەزارەتی بەرگریی ئازەربایجان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، دەرکەوت کە ئێوارەی دوێنێ نزیکەی ٤٠ سەربازی ئەرمینیا لە گوندی ئارموتلو سەربە پارێزگای کەلبەجەر، ٤٠٠ مەتر هاتوونەتە خاکی ئازەربایجانەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا باس لەوە کراوە کە سەربازانی سوپای ئازەربایجان بەبێ بەکارهێنانی چەک رێوشوێنی بەپەلەیان گرتەبەر و سەربازانی ئەرمینیایان ناچار بە پاشەکشەکردن کرد.
لە راگەیەندراوەکەدا، هەروەها دەستوەردانی سوپای ئەرمینیا لە خاکی ئازەربایجان بە شەڕەنگێزی لەقەڵەمدراوە و باس لەوە کراوە کە تەواوی بەرپرسیارێتیی کەوتووەتە سەر شانی لایەنی ئەرمینیا.
لە راگەیەندراوەکەدا داوا لە ئەرمینیا کراوە بەرپرسانە هەڵسوکەوت بکات، رێز لە سنوور و یەکپارچەیی خاکی دەوڵەتانی دراوسێ بگرێت و خۆی بە دووربگرێت لەو شەڕەنگێزیانەی بارگرژی لە ناوچەکە دروست دەکەن.