Mücahit Aydemir,Rahel Ali,Hozan Mohammed Jabbar
27 ئادار 2023•نوێکردنەوە: 27 ئادار 2023
قودس - AA
سێ وەزیری پارتی دەسەڵاتدار لە ئیسرائیل رایانگەیاند، بەنیازن پشتیوانی لە بڕیاری سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بێنیامین ناتانیاهو بکەن، ئەگەر بێت و بڕیار بدات پلانی "چاکسازیی دادوەریی" رابگرێت کە لە وڵاتەکەدا قەیرانی سیاسیی لێکەوتووەتەوە.
لە کاتێکدا "چاکسازیی دادوەریی" حکوومەتی هاوپەیمانی بە سەرۆکایەتیی ناتانیاهو کە دەسەڵاتەکانی دەسەڵاتی دادوەریی سنووردار دەکات و دەسەڵاتی زیاتر دەخاتە بەردەست حکوومەتی ئیسرائیل، بۆ ماوەی ١٢ هەفتە ناڕەزایەتیی لە سەرتاسەری وڵاتدا بەدوای خۆیدا هێنا، هاوکات ئێوای دوێنێ لەکارلادانی وەزیری بەرگریی گاڵانت کە داوای وەستاندنی چاکسازییەکەی کرد، خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی چڕ تر کردەوە.
رۆژنامەکانی ئیسرائیل، بڵاویان کردەوە کە وەزیری کولتوور و وەرزش، میکی زوهار رایگەیاندووە: "باجێکی قورسمان دا کە لێدوانمان نەدا. چاکسازی لە سیستەمی دادوەریدا پێویستە، بەڵام کاتێک ماڵمان دەسووتێت، ناتوانین بپرسین کێ راست دەکات، دەبێت ئاوێکی پێدا بکەین و ئەوانەی ناوەوەی رزگار بکەیت".
زوهار هەروەها رایگەیاندووە: "ئەگەر سەرۆکوەزیران بڕیاری راگرتنی پڕۆژەیاسای (چاکسازیی دادوەریی) بدات لە پێناو رێگریکردن لە قەیرانی وڵات، پێویستە پشتگیریی لە هەڵوێستەکەی بکەین".
هەروەها وەزیری کاروباری تاراوگە، ئەمیچای چیکلی داوای کرد کە پێداچوونەوە بە چاکسازیی دادوەریدا بکرێت و بەم شێوەیە بۆچوونی خۆی خستەڕوو: "ئێمە هەڵە بووین لە شێوازی ئەنجامدانی چاکسازیی دادوەریدا، بۆیە، وەک ئەوەی لە (نەرمەکاڵای گەشتیاریی کە لەلایەن ئیسرائیل دروست کرا) Waze رووی دا، پێشنیاز دەکەم پێداچوونەوەی پێدا بکرێت تەنانەت ئەگەر نەشگۆڕدرێت. بەڵێ، تەنانەت ئەگەر (لە بابەتی چاکسازیی دادوەریی) بەتەواوی لەسەر حەق بین".
وەزیری دارایی-یش، نیر بارکات هەرچەند بڕیاری راگرتنی پڕۆژەیاساکە و دووبارە هەڵسەنگاندنەوەی بۆ هەنگاوەکانی داهاتوو نابێت، ناتانیاهو پشتیوانی خۆی بۆ بڕیارەکە دەربڕیووە. بارکات دەڵێت: "چاکسازی گرنگە و ئەنجامی دەدەین، بەڵام نابێت شەڕی ناوخۆی لێ بکەوێتەوە".
لە لایەکی دیکەوە وەزیری داد، یاریڤ لێڤن کە یەکێکە لە داکۆکیکارە بەهێزەکانی چاکسازی دادوەریی ئاماژەی بەوە داوە کە بە نیاز نییە پاشەکشە بکات. لێڤن ئاماژەی بەوە داوە کە لە ئەگەری دواخستن یان هەڵپەساردنی پڕۆژەیاساکە لەوانەیە حکوومەتی هاوپەیمانی هەڵبوەشێتەوە.
- وەزیری بەرگری داوای راگرتنی چاکسازیی دادوەریی کردبوو
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، یۆئاڤ گاڵانت داوای لە حکوومەتی وڵاتەکەی کردبوو چاکسازیی دادوەریی بوەستێنێت کە مشتومڕی لەسەرە و بووەتە هۆی دروستبوونی قەیرانی سیاسی و ناڕەزایەتی جەماوەریی لەو وڵاتە.
یۆئاڤ گاڵانت رایگەیاندبوو: "ئەو جەمسەرگیرییەی وڵاتی گرتووەتەوە، گەیشتووەتە ناو سوپای ئیسرائیل و دامەزراوەکانی بەرگری. ئەمەیش هەڕەشەیەکی روون و گەورەیە لەسەر ئاسایشی ئیسرائیل. رێگە بەمە نادەن".
لەنێو پارتی لیکوددا پشتیوانی لە داواکارییەکەی وەزیری بەرگریی ئیسرائیل کرا. پەرلەمانتارانی لیستی لیکود یولی ئێدەلشتاین و دەیڤید بیتەن داوایان کرد پڕۆژەیاساکە رابگیرێت و دەست بە گفتوگۆ بکرێت.
لای خۆیشیەوە ناتانیاهو، گاڵانت'ی لە ئەرکەکەی دوور خستەوە و پەیامی ئەوەی بە گوێی خەڵکدا دا کە لە چاکسازی دادوەریدا پاشەکشە ناکات.
دوای ئەم رووداوانە ئێوارەی دوێنێ هەزاران ئیسرائیلی رژانە سەر شەقام لە سەرتاسەری ئەو وڵاتە.
- مشتومڕەکان لەسەر "چاکسازی دادوەریی"
دژبە "چاکسازی دادوەریی" حکوومەتەکەی ناتانیاهو کە دەسەڵاتی دادوەریی سنووردار دەکات، چەندین هەفتەیە خۆپیشاندان لە ئیسرائیل بەڕێوەدەچێت.
حکوومەت، هەنگاو بە هەنگاو بەرەوپێش دەچێت بۆ تێپەڕاندنی پڕۆژەیاساکە لە پەرلەمان. دەیان هەزار هاووڵاتی ئیسرائیلیش ئەم کارە بە "دەستوەردان لە سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەریی" وەسف دەکەن و خۆپیشاندانی لەدژ ئەنجامدەدەن.
پێشتریش وەزیری دادی ئیسرائیل، یاریڤ لێڤین لە پێنجی کانوونی دووەمدا ئەوەی ئاشکرا کردبوو کە پلانیان بۆ "چاکسازییەکی دادوەریی" داناوە کە دەسەڵاتەکانی دادگای باڵا سنووردار دەکات و کاریگەرییەکانی دەسەڵاتی دادوەریی لە هەڵبژاردنی دادوەراندا کەم دەکاتەوە.
هەوڵەکانی حکوومەتی هاوپەیمانی ئیسرائیل کە ناتانیاهو سەرۆکایەتی دەکات، بۆ گواستنەوەی بەشێک لە دەسەڵاتەکانی دەسەڵاتی دادوەریی بۆ پەرلەمان، بووەتە هۆی دروستبوونی گرژی لەنێوان حکوومەت و دەسەڵاتی دادوەریی ئیسرائیل.
دادگای باڵای ئیسرائیل کە بەرزترین دەسەڵاتی دادوەرییە، دەسەڵاتی ئەوەی هەیە کە بە پاساوی دژایەتیکردنی دەستوور ئەو یاسایانە رەتبکاتەوە کە لە پەرلەمانەوە دەردەچن.
حکوومەتەکەی ناتانیاهو، لەو چاکسازییە دادوەرییەی خستویەتییەڕوو، پێشنیاز دەکات دەسەڵاتی رەتکردنەوەی ئەو یاسایانەی لە پەرلەمان دەردەچن لە دادگای باڵا بسەندرێتەوە.
ئەم چاکسازییەش بەهۆی ئەوەی دەسەڵاتەکانی دەسەڵاتی دادوەریی سنووردار دەکات و دەسەڵاتی زیاتر دەخاتە بەردەست حکوومەتی ئیسرائیل، لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی رووبەڕووی رەخنەی زۆر بووەوە.
پڕۆژەیاسای جێگرەوە کە بە هۆشداریدان بە لایەنەکان لە هەڵگیرسانی "شەڕی ناوخۆ" لەلایەن سەرکۆماری ئیسرائیل، ئیسحاق ھێرزۆگ'ەوە پێشکەش کرابوو، لەلایەن دەسەڵاتەوە رەت کرایەوە.
دەیان هەزار سەربازی یەدەگ لە یەکەکانی وەک فڕۆکەوانی جەنگیی، ئەفسەری ژێردەریایی، پسپۆڕانی ئاسایشی سایبەر و هێزە تایبەتییەکانی سوپای ئیسرائیل، ئاماژەیان بەوە داوە کە لە ئەگەری کارکردن بە چاکسازی دادوەریی بەردەوامی نادەن بە ئەرکەکانیان و بەشداری لە مەشق و راهێنانەکاندا ناکەن.
دامەزراوە هەواڵگری ناوخۆیی و دەرەکییەکان لە ئیسرائیل و کارمەندانی دامەزراوە ئەمنییەکانی دیکە رەخنەیان لە چاکسازییەکانی دادوەریی گرتووە.
وێڕای تەواوی ئەو مشتومڕ و کاردانەوانە پڕۆژەیاسای "بە زەحمەت لەکارلادانی سەرۆکوەزیران" لە میانی "چاکسازی دادوەریی"دا لە ٢٣ی ئادار لە پەرلەمان تێپەڕێندرا.
بەرنامە بۆ ئەوە داندراوە، سبەی پڕۆژە یاساکە ببردرێتە پەرلەمان و حکوومەت ئەندامانی دادگای باڵا و دواتریش بتوانێت سەرۆکی دادگای باڵا دەستنیشان بکات.
حکوومەتی هاوپەیمانی ئیسرائیل بە سەرۆکایەتی ناتانیاهو، لەوانەیە دووچاری لەدەستدانی زۆرینەی پەرلەمانی ببێتەوە بەهۆی ئەوەی یۆئاڤ گاڵانت و ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی پارتی لیکود پشتیوانییەکانی خۆیان کشاندووەتەوە بۆ پاکێجی چاکسازی دادوەریی.